سەدر پێشنیارێکی مەسعود بارزانی ڕەتکردەوە

لڤین:

میدیا عێراقییەکان لە زارى پەرلەمانتارێکى پارتى دەستپێشخەرییەکى مەسعود بارزانیان ئاشکرا کردووە کە بۆ موقتەدا سەدرو هادی عامری سەرۆکى هاوپەیمانى فەتح کردوویەتى، کە دەستپێشخەرییەکەش ئەوەیە بارزانى پێشنیارى بۆ سەدر کردوە کە ئۆپۆزسیۆن بوون هەڵبژێرێت و پارتیش بچێتە حکومەتەوە.

هەروەها پێشنیاری ئەوەشى کردوە، لەجیاتى ئەوەى سەدر حکومەت وەربگرێن، سەرۆکایەتى زۆرینەى هەرە زۆری لیژنەکانى پەرلەمان بکات بۆ ئەوەى بە وردى حکومەت بخاتە ژێر چاودێری توندەوەو سەرۆک وەزیر و هەر وەزیرێکیش تێوەگلا لە گەندەڵی سەدرو پارتی و سونەکان متمانەیان لێ بسەنەوە.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی عێراق موقتەدا سەدر ئەو پێشنیارەى مەسعود بارزانى رەتکردوەتەوەو سوربوونى خۆی لەسەر پێکهێنانى حکومەتى زۆرینە راگەیاندووەو داواشى لە پارتى کردوە ئەگەر دەیەوێت پاشەکشە لەرێکەوتنەکە بکات ئەوا خۆی یەکلایی بکاتەوە.

هەروەها ئەو پێشنیارەى بارزانی ئاڕاستەی هادی عامری سەرۆکى هاوپەیمانى فەتحیش کراوە، بەڵام عامری ئەو پێشنیارەى رەتکردوەتەوەو بە فێڵی سیاسى ناوی بردوە.

لەو بارەیەوە رەفیق ساڵحی ئەندامی هاوپەیمانی فەتح بە ئاژانسی ئێرز نیوزی عەرەبی راگەیاندوە، ئەو پێشنیارە گەیشتووەتە دەستى هاوپەیمانیەتیەکەشیان، بەڵام رەتیانکردوەتەوە و رایگەیاندوە” ئەم پێشنیارەى بارزانى بۆ پەرتەوازەکردن و پەراوێزخستنى لایەنەکانى چوارچێوەى هەماهەنگییە”.

هەروەها ساڵحی ئەوەشى خستووەتەڕوو، کە گفتوگۆکان بەردەوامن لەنێوان هێزو لایەنە سیاسییەکان و دەرگای لایەنەکانی چوارچێوەى هەماهەنگیش کراوەیە، بەڵام نابێت هیچ هێزێکى سیاسی پەراوێز بخرێت و دوور بخرێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button