بارەگای بارزانی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

لڤین:
بارەگای بارزانی ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی هەواڵێكی ناڕاستی چەند میدیایەكی عێراق و هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە.
لە روونكردنەوەكەدا هاتووە “لە ژمارەیەك میدیای عێراقی و كوردستانی هەواڵێكی ناڕاست بڵاو كراوەتەوە كە گوایە سەید موقتەدا سەدر وەڵامی پەیوەندییەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی ناداتەوە”.
لە ڕوونكردنەوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە “بۆ ڕای گشتیی عێراق و كوردستان ڕوونی دەكەینەوە كە ئەو بابەتە هیچ بنەمایەكی نییە و دوورە لە ڕاستی. لە نێوان بارزانی و سەید موقتەدا سەدر ئەوپەڕی ڕێزگرتن و متمانە و پەیوەندیی زۆر باش هەیە. ئەوانەشی ئەم جۆرە دەنگۆیانە بڵاو دەكەنەوە ئامانجیان داپۆشینی شكست و دواكەوتنیانە لە پڕۆسەی سیاسی”.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “ئەگەر لە ماوەی ڕابردوودا ئاماژەیەكیش بۆ كەمبوونی جموجۆڵی سیاسی هەبووبێت، ئەوە لەبەر ڕەچاوكردنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بووە”.