بافڵ تاڵەبانی: دەبێت بەسەر لاشەی مندا بۆری غاز هەناردەی دەرەوە بکرێت

لڤین:

بەگوێرەی هەواڵێکی میدیای یەکێتی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە ھەولێر لەگەڵ نوێنەر، نێردەی دیپلۆماسیی وڵاتانی بیانی، رێکخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان لە ھەرێم کۆبووەوە.

سەبارەت بە پرسی ھەڵبژاردن بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاشکرایکرد، زۆرینەی ھێز و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم لەگەڵ گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردن و داڕشتنەوەی یاسایەکی نوێدان، بەشێوەیەک کە بوار بۆ ساختەکاری نەمێنێتەوە و تۆماری دەنگدەران پاک بکرێتەوە. پێکهاتەکان نوێنەری راستەقینەی خۆیان بن نەوەک هێز و لایەنی تر نوێنەرایەتییان بکەن. هەروەها لەبەر ئەوەی یاسای هەڵبژاردن رەهەندێکی نیشتمانیی هەیە، دەبێت بە سازان چارەسەر بکرێت و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بە ئاشکرا رایگەیاندووە کە ئەو یاسایە موڵکی هیچ حزب و لایەنێک نییە و دەبێت بە رێککەوتن و کۆدەنگی نیشتمانیی دەربچێنرێت.

لەبارەی ئەو بارودۆخە داراییەش کە بەسەر سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕیندا سەپێنراوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک بەرامبەر نادادی، ناشەفافی، قۆرخکاری، جیاکاری و بەهەدەردانی داهاتی گشتی بێدەنگ نابین و هەڵوێست و پەیامی خۆمان لەوبارەیەوە گەیاندووە. پیلاندانان بەرامبەر خەڵکی ئەم سنوورە و دەستبردن بۆ بژێوی ژیانی خەڵکەکەی هێڵی سوورە. خەڵکەکەمان گلەیی و داواکارییەکانیان ئاڕاستەی ئێمە دەکەن و ئێمەش بەرامبەر ئەو دۆخە بێدەنگ نابین و هەموو ئەگەرەکان لەبەردەمماندا کراوەیە.

لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەبارەت بە پرسی غاز و هەناردەکردنی هەڵوەستیکرد و وتی، دەبێت گرێبەست و شێوازەکەی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان روونبکرێتەوە و نامانەوێت مەینەتییەکی تر بەسەر هەرێمەکەماندا بهێنین. بە شەفافی کار لەسەر ئەم کەیسە بکرێت و هاوڵاتییانی کوردستان بەشێکبن لە پرۆسەکە. هەموو هەوڵێکیش لە دەرەوەی ئەم داواکارییانە ئەوا روون و ئاشکرا رایدەگەیەنم، دەبێت بەسەر لاشەی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا بۆری غاز هەناردەی دەرەوە بکرێت. ئەمەش داواکاری خەڵکی کوردستانە جێبەجێی دەکەم و لەبەرامبەر ژیانی خەڵک و ئایندەی گەلەکەماندا، بێدەنگی و شەرمەزاری هەڵنابژێرم.

سەبارەت بە پرسی نەوت و بەهەدەردانی، بافڵ جەلال تاڵەبانی هەڵوێستی یەکێتی ئاشکرا کرد و وتی، بەداخەوە بەشێک لەو کۆمپانیایانەی لەبواری نەوتدا کار دەکەن لەلایەن حزبەوە ئاڕاستە دەکرێن و بۆ بەرژەوەندی کەسیی بەکاردەهێنرێن. بەردەوامبوونی ئەم دۆخەش قبوڵ ناکەین و رێگەنادەین هیچ هێز و لایەنێک لەسەر قوت و ژیانی خەڵک خۆیان دەوڵەمەند بکەن.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەڕێگای نوێنەر، نێردەی دیپلۆماسی وڵاتانی بیانی، رێکخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانەوە پەیامێکی توند و روونی ئاڕاستەی ئەو لایەنە کرد کە بە مەرام و پیلان دەیەوێت دۆخی ھەرێم بە تایبەت سلێمانی، ھەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین بشێوێنن و گەمارۆی داراییان بخەنەسەر و رایگەیاند، یەکێتی ئەو هێزە نییە کە پاشکۆیەتی و ئیستیفزاز لە هیچ هێز و لایەنێک قبوڵ بکات. بڕوامان بەخەباتی دیموکراسی هەیە و بەهەموو شێوەیەک خۆسەپێنی و تاکڕەوی رەت دەکەینەوە. بەڵام بۆ راستکردنەوەی هەڵەکان، هەموو هەنگاوێک دەگرینەبەر لەپێناو ژیان و گوزەرانی خەڵکی خۆمان.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button