ئەمڕۆش بێریڤان ئەیوب ئازاد نەکرا

لڤین:

چاوەڕوان دەکرا بەر لە جەژنی ڕەمەزان، چالاکوانی بادینان بێریڤان ئەیوب ئازادبکرێت که زیاتر لە ساڵێک و شەش‌ مانگە زیندانی کراوە، بەڵام پارێزەرەکەی دەڵێت: ئازادکردنی ئەو ژنە چالاکوانە خرایە دوای جەژن و هەر پێنج منداڵەكەی بێریڤان لە چاوەڕوانی ئەوەدا بون ئەمڕۆ پێنجشەممە دایکیان ئازاد بکرێت.

سەبارەت بە وردەکاری و هۆکاری ئازادنەبونی بێریڤان ئەیوب، ژنە چالاکوانی بادینان و حوکمەکەی، بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند” بێریڤان ئەیوب ڕۆژی 6ی مانگی 3 بۆ ماوەی 2 ساڵ بەپێی مادەی 1ی لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی‌ پەرلەمانی کوردستان حوکمدرا بەڵام لەبەرئەوەی ئەو مادەیە مەشمولە بە ئازادکردنی بەمەرج و بێریڤان-یش زیاتر لە ساڵێک و شەش‌ مانگە لە زیندایە، ئێمە رێکارەکانی ئازادکردنی بەمەرجمان لەگەڵ تیمی پارێزەران دەستپێکرد.”

وتیشی”بەڵام بەهۆی ئەوەی کە ناسنامەکەی بێریڤان لەدادگاو چاکسازی گەورانی ژنانیش دیارنەبو و دواجار دەرکەوت کە ناسنامەکەی لە ئاسایشە زۆر هەوڵماندا لە ڕێگەی ئاسایش ناسنامەکەی وەربگرینەوەو دوێنێ خویشم سەرەدانم کردون بەڵام ناسنامەکەیان نەداینەوە. ئەمڕۆ لە ڕێگەی دکتورە مونا یاقوب، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و لەگەڵ رێکخراوی CPT و جێگری سەرۆکی لیژنەی مافی مروڤ لەپەرلەمانی کوردستان هەوڵماندا دواجار ناسنامەکەمان وەرگرتەوە. هەر ئەمڕۆ رێکارەکانی ئازادکردنی بەمەرجمان تەواودەکرد و دەبو بێریڤان بە کەسوکاری شاد ببێتەوە، بەڵام جێگای داخە ئاسایش زۆر تاخیریان کرد لە کاتژمێر 1:30 خولەك ناسنامەکەیان داینەوە پێنجشەممەیە و پێش جەژن و پشوە دەوام نەما و پێڕانەگەیشتین، بەڵام پشتیوان بە خوا لە دوای جەژن بێریڤان ئازاد دەکرێت.”

هەروەك ئەوەشی خستەڕو”ئێمە نیگەرانبوین لەبەرئەوەی هەر پێنج لە منداڵەکانی چاوەڕوانی ئەوەیان دەکرد کە ئەمڕۆ لەگەڵ دایکیان ئێوارە خوانەکە بکەنەوەو رۆژو بشکێنن و ڕۆژی جەژنیش پێکەوە نان بخۆن بەڵام بەداخەوە خرایە دوای جەژن و دەبێت ئەم جەژنەش بێریڤان لە زیندان بەسەربەرێت”.

بەپێی زانیاریەکان بێریڤان ئەیوب بەپێی مادەی 1 لە یاسای ژمارە 21 کە تایبەتە بە تێکدانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەلایەن دادگای هەولێرەوە بە دو ساڵ حوکمدرا.

بەپێی قسەی پارێزەران، بێریڤان ئەیوب لەئێستادا زیاتر لە ساڵێک و شەش مانگە ڕاگیراوە و زیندانی کراوە.

پارێزەران باس لەوە دەکەن یەکێکی تر لە تۆمەتەکانی بێریڤان ئەیوب بایکۆتکردنی کەلوپەل و کاڵای کۆمپانیا تورکیەکان بوە کەوا کەس شت لەو کۆمپانیانە نەکڕێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button