وتەبێژی یەپەگە پارتی بە درۆدەخاتەوە

لڤین:

وتەبێژی یەپەگە، ئەو تۆمەتانەی ئاسایشی پارتی بەدرۆخستەوە، کە باس لە ناردنی کەلوپەلی سەربازیی دەکات لەلایەن یەپەگەوە بۆ پەکەکە و وتی: پارتی بەو بانگەشانە دەیەوێت هاوکارییەکانی بۆ دەوڵەتی تورک بشارێتەوە.

نوری مەحمود، وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە، سەبارەت بە ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن پارتی بەڕێوەدەبرێت، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە”ڕۆژی ٢٦ی نیسان لەلایەن ئاسایشی پارتیەوە بانگەشەی ئەوە کرا، هەندێک کەلوپەلی سەربازیی لە دهۆک دەستیان بەسەردا گیراوە، کە لەلایەن یەپەگەوە بەڕێکراون، بەڵام ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان بەو کەلوپەلە سەربازییانەوە نییە”.

هەروەها هاتووە: لە بانگەشەکاندا دەوترێت، کە بەرپرسێکی یەپەگە بەناوی ڕوودی حسێن، ئەو کەلوپەلانەی ناردووە، بەڵام لەناو یەپەگەدا، کەسێک نییە بەو ناوە، ئەو ڕووداوە و ئەوەی پارتی دەیڵێت، ناڕاستن.

لەڕاگەیەندراوەکەی نوری مەحمود-دا هاتووە: پارتی لە ڕێگای ئەو جۆرە هەواڵانەوە هەوڵ دەدات، هاوکارییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری تورک بشارێتەوە و ڕەوایەتیی بدات بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، لەکاتێکدا هێرشی داگیرکاریی لەسەر باشوور و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا زیاد بووە، بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە بانگەشانە گومان دروست دەکات.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا نوری مەحمود جەختدەکاتەوە، “پارتی دەیەوێت بەو جۆرە هەواڵانە، شۆڕشی گەلی ڕۆژئاوا بکاتە ئامانج و زیان بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بگەیەنێت، هەروەها هەوڵ دەدات، ئەو کاردانەوەی لە ڕای گشتییدا لەبەرامبەر ئەو دروستبوون، پێچەوانەی بکاتەوە، پێویستە گەلەکەمان و ڕای گشتیی، باوەڕ بە هەواڵی لەو جۆرە نەکەن”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button