سوپای عێراق چەکی قورس بۆ ناو شەنگال دەگوازێتەوە

لڤین:

بەگوێرەی هەواڵێکی میدیاکانی نزیک لە پەکەکە، ئەمڕۆ هێزێکی گەورەی سوپای عێراق لە موسڵەوە بە ژمارەیەک سەرباز و تانک و تۆپەوە ڕوویان لە شەنگال و چەند گوندێکی دەوروبەری کرد و لە بنکە سەربازییەکاندا جێگیر بوون و تا ئێستا هیچ پێکدادانێک ڕووینەداوە.

ئەمڕۆ لە کاتژمێرەکانی پێش نیوەڕۆوە تا ئێوارە جموجۆڵێکی گەورەی سوپای عێراق لە شەنگال ڕوویدا بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتووە ئەو هێزە لە موسڵەوە هاتوونەتە شەنگال.

لەنێو ئەو هێزانەی گواسترانەوە بۆ شەنگال ژمارەیەکی زۆر سەرباز و تانک و زرێپۆشن و لە بنکە و بازگەکانی سوپای عێراق بڵاوبووەتەوە بەشێک لەو هێزە سەربازییانە لە بنکەکانی سوپا لە ناوەندی شەنگال بڵاو کراونەتەوە بەشێکی دیکەشیان سنوری گوندەکانی سکینە و حەیال لە باشوری چیای شەنگال بڵاو کراوەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە هەرێمەکەوە بە دەست گەیشتوون، هێزێکی سەربازی بە چەک و تەقەمەنییەوە بەرەو سنووری شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێکەوتوون.

سەرەڕای ئەو جموجوڵەی سوپای عێراق تا ئێستا هیچ هێرش و پێکدادانێک ڕووینەداوە هێزەکانی سوپا خۆیان لەبنکەکانیان جێگیر کردووە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button