لە سلێمانییەوە مانگانە نزیكەی 100 ملیار دینار ڕەوانەی هەولێر دەكرێت

لڤین:
سەرچاوەیەك لە بانكی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی ئاشكرای دەكات، لە داهاتی ناوخۆی سلێمانی مانگانە نزیكەی 100 ملیار دینار بۆ دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانو دەرماڵەی خوێندكارانو مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ ڕەوانەی هەولێر كراوە.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە كە قسەی بۆ کەناڵی گەلی كوردستانی یەکێتی كردووە، لەسێ مانگی رابردوودا بەتێكڕا 75 ملیارو 500 ملیۆن دینار بۆ مووچەی مووچەخۆران ڕەوانەی بانكی منارەی هەولێر كراوە، جگە لەوەش مانگانە زیاتر لە 18 ملیار دینار بۆ خەرجی دامەزراوە سیادییەكان یاخود نیشتمانییەكان ڕەوانەی هەولێر كراوە، هەر لە داهاتی سلێمانیش مانگانە 7 ملیار دینار بۆ دەرماڵەی خوێندكارانو مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ خەرج دەكرێت.
سەرەڕای ئەوانەش، هەر لە داهاتی ناوخۆیی سلێمانی دەبێت پارەی كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی خۆڵو خاشاك، كڕینی دەرمان، خواردنی زیندانیانو نەسریەی فەرمانگەكان خەرج بكرێت.