فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل هێرش دەکەنە سەر غەزە

لڤین:

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بەرپرسانی ڕێکخراوی چەکداری فەلەستینی حەماس و سەرچاوە سەربازییەکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند ئیسرائیل بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە هێرشێکی ئاسمانی کردۆتە سەر ناوەڕاستی غەزە، ئەمەش پاش ئەوەی موشەکێک لە خاکی فەلەستینەوە هەڵدرایە ناو ئیسرائیل.

شایەتحاڵەکان دەڵێن دوو کامپی ڕاهێنانی سەربازی، کە لەلایەن حەماسەوە بەکارهێنراون، لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

سوپای ئیسرائیل لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند فڕۆکە جەنگییەکانی هێرشیان کردوەتە سەر خاڵێکی ئەمنی و دامەزراوەیەکی ژێرزەوی فەلەستینی کە کاری دروستکردنی مەکینەی هاوێشتنی موشەک بووە.

پێشتر موشەکێک لە غەزەوە بەرەو باشوری ئیسرائیل هەڵدراوە کە زیانی گیانی لێنەکەوتوەتەوە و تەنها کەمێک زیانی بە ماڵێک گەیاندوە. هیچ لایەنێک تاکو ئێستا بەرپرسیارێتی هاوێشتنی موشەکەکە نەگرتوەتە ئەستۆ کە دووهەم هەڵدانی مووشەکی بووە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا.

زیادبوونی توندوتیژی لە ئیسرائیل و ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین بۆتەهۆی دروستبوونی ترس و نیگەرانی زیاتر لەبارەی ئەگەری دووبارەبوونەوەی شەڕێکی بەرفراوانتر لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا.

لە مانگی 3وە هێزەکانی ئیسرائیل لانیکەم 29 فەلەستینییان لە کەناری ڕۆژئاوا کوشتووە و زنجیرەیەک هێرشی کوشندە لە شەقامە عەرەبییەکانیش کوشتنی 14 ئیسرائیلی لێکەوتۆتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button