قەرەیلان: نامانەوێت شەڕی کورد بە کورد دروست بێت

لڤین:

موراد قەرەیلان، ڕایدەگەیەنێت، “هەموو شتێک سنووری هەیە، ئێمە هێزێکی فیدایین و لە کەس ناترسین، بەڵام نامانەوێت ئەم شەڕە دروستبێت کە کورد لە دژی کورد شەڕ بکات”.

موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی گەل-نەپەگە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی فورات، هەڵسەنگاندنی بۆ هاوکارییەکانی پەدەکە و دەوڵەتی تورک کرد، لە نویترین هێرشیاندا بۆسەر زاپ، مەتینا و ئاڤاشین.

قەرەیلان بە بیری هێنایەوە، ساڵی پار پەدەکە پشتگیریی هەمان ستراتیژی دەوڵەتی تورکی کرد و هاوکارییان کردن، ئەمەیان چۆن کرد؟ گەمارۆی گەریلایان دا، پەرەیان بە سیخوڕ دا و سیخوڕییان بەسەر گەریلاوە کرد، کەمینیان بۆ گەریلا دانا، لە خەلیفان دووجار هێرشیان کردە سەر گەریلا و گەریلایان شەهیدکرد، هەروەها بەرپرسانی باڵای پەدەکە لەگەڵ سەرانی دەوڵەتی تورک چاوپێکەوتن دەکەن، ئەمساڵیش پەدەکە هەنگاوێک زیاتر هاتووەتە پێشەوە لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک.

موراد قەرەیلان، دەشڵێت: ئێمە کاتێک قسەدەکەین، بوختان بۆ پەدەکە ناکەین، ڕەنگە بەرپرسانی پەدەکە خۆیان ئەوە نەڵێن، بەڵام  ئەوەی ئێمە دەربارەی ئەوان وتوومانە ڕاستییە، لەدوای هەموو کۆبوونەوەکانی بەرپرسانی پەدەکە و دەوڵەتی تورک، سەرانی تورک خۆیان ئاشکرایان کردووە، کە تێڕوانینیان لەبارەی پەکەکەوە وەک یەکە و هاوبەشی یەکترن، هەروەها ئەردۆغانیش خۆی چەندین جار ئەمەی وتووە،  کۆتاجاریش بینیمان دوای کۆبوونەوەی سەرانی پەدەکە و تورکیا، لە ئاسمان و زەمینەوە هێرش بۆسەر گەریلا دەستیپێکرد، ئەمە شتێکی ئاشکرایە.

چاوپێکەوتنەکەی قەرەیلان پاش دوو ڕۆژ لە هێرشەکەی دەوڵەتی تورک ئەنجام دراوە و قەرەیلان دەڵێت: ڕاستە تا ئێستا پەدەکە لە دژی گەریلا شەڕیان نەکردووە، بەڵام لە دوێنێوە هێزەکانیان کۆدەکەنەوە و لە دێرلوک و شیلادزێ هێزەکانیان پڕ چەک و تۆکمە دەکەن، ئێمە نازانین ئەمە دەگاتە کوێ، بەڵام ئەمە دۆخێکی مەترسیدارە، ئێمە زۆر هەوڵمان داوە کە شەڕی کورد و کورد دروست نەبێت و نەکەوینە بەرامبەریەکتر، من زۆر هەوڵمدا بۆ ئەوە ئەمە ڕوونەدا و هەموو بەڕێوەبەرییمان هەوڵیانداوە و بەم ئاڕاستە کاریان کرد. ئێمە هەمیشە هەوڵمان داوە ڕێگریی لەم شەڕە بکەین و ئێستاش دەمانەوێت ڕێگریی لێ بکەین.

هەروەها، وتی: لە ساڵی ٢٠١٧دا کە هێرشیان کردە سەر خانەسۆر و هەڤاڵانی یەبەشە شەهید بوون، ئێمە لە ژێر فشاردا بووین بۆ هێرشکردن، بەڵام بەڕێوەبەرییمان ئەو کارەی ڕاگرت ئەگەر بە وتەی هەڤاڵانی ئەوێ بوایە وەڵامی ئەو هێرشەیان بە هێرش دەدایەوە، پاشان لە پایزی ساڵی ٢٠٢٠ هێزێکی زۆریان ناردە ناوچەی زێباری، لەکاتێکدا هەڤاڵانی ئێمە لەسەر ئەو گردانەبوون.

موراد قەرەیلان، لە بەردەوامییدا وتی: ئێمە بینیمان دۆخەکە سەردەکێشێت بۆ شەڕ، ئەوان فیشەکیان بەڕووی ئێمە تەقاند، بەڵام بۆڕێگرتن لە شەڕ ئێمە هێزەکانمان کشاندەوە،  پێویستە هەموو گەل بزانێت ساڵی پار ٥ی حوزەیران هێزێکی زۆر گەورەیان بە نیازی شەڕ ناردە سەر چیای مەتینا و شەڕیان دروستکرد، بەڵام دیسان ئێمە هێزەکانمان کشاندەوە  بۆ ئەوەی شەڕ لەنێوان کورد و کورد دروستنەبێت، هیچ خێرێک لەم شەڕەدا نییە و پرۆژەی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکە.

جەختیش دەکاتەوە”ئامانجی دەوڵەتی تورک ئەوەیە کە ئەم شەڕە ڕووبدات بۆ ئەوەی کورد لە دژی یەکتر بەشەڕدا بدەن، ئێمە نامانەوێت شتی وا ڕووبدات، بەڵام هەموو شتێک سنوورێکی هەیە، بۆ ئەمەش دەبێت گەلەکەمان و نیشتمانپەروەرانی کورد و سیاسەتمەدارانی کورد و هونەرمەندانی کورد بەرپرسیارێتی خۆیان بگرنە ئەستۆ لەبەرامبەر ئەم دۆخە، ئێمە هێزێکی فیدایین و لەکەس ناترسین، بەڵام ئێمە نامانەوێت ئەم شەڕە دروستبێت کە کورد لە دژی کورد شەڕ بکات”.

موراد قەرەیلان، وتیشی: لە پایزی ساڵی ڕابردوو بە بەرخۆدانییەکی گەورە لە ئاڤاشین گورزی کوشندەمان لە دەوڵەتی تورک-دا، بێگومان دەوڵەتی تورک دەوڵەتێکی بچووک نییە و تەکنەلۆژیای جەنگی و چەکی کیمیایی بەکاردێنێت، بەڵام هێشتا سەرناکەوێت بەڕاستیی پێم وابوو کاک مەسعود بڕیارەکەی دەگۆڕێت و لەو سۆنگەیەوە نامەیەکم بۆی نارد، سوپاسی دەکەم، کە وەڵامی نامەکەی دامەوە، بەڵام هیچ زەمینەیەک بۆ چارەسەریی لە وەڵامەکەیدا نەبوو.

تیشکیش دەخاتە سەر پەیوەندیی ئێستای پەدەکە و دەوڵەتی تورک و دەڵێت: ئێستا بە ئاشکرا دەیبینین کە پەیوەندییەکانی پەدەکە و تورکیا هەنگاوێک چووەتە پێشەوە، چۆن پێشیان خستووە؟ چۆن ڕێگایاندا کە دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستانەوە هێرش بکەنە سەر هێزەکانمان، لەبەرئەوەی سوپای تورک ڕۆژێک پێش ئەوە نەیانتوانی سەربازەکانیان لە ئاسمانەوە دابەزێنن، هێزەکانیان لە بارەگای سیرێ لە شیلادزێوە نارد، هەروەها جموجوڵی سەربازییان بە هێزەکانیان کرد لە بامەڕنێ، ئەمە بەڵگەی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانیانە.

بێگومانیشە لەوەی ئەمانە بە مۆڵەتی پەدەکە ئەنجام دەدرێت، “پێشتر لەڕێگای ئەو هێزانەوە سیخوڕیان کۆدەکردەوە، بەڵام ئامانجیان دەستێوەردانێکی چالاک و کردەیی نەبوو بەناوی ئۆپەراسیۆنەوە، من باوەڕم وایە کە ڕێککەوتنێک لە نێوانیاندا هەیە ئەگەر ئەو هێزانە مۆڵەتیان نەبێت، ناتوانن بەوشێوازە جموجوڵ بکەن، دەیانەوێت لە باکوور و باشوورەوە دەوری گەریلا بگرن، چونکە کاتێک لە باکوور و باشوورەوە گەمارۆی گەریلاکان دەدەن، ئەم دۆخە دەرفەتێکی گەورە بە دەوڵەتی تورک دەدات”.

ڕاشیدەگەیەنێت: ئەمە ستراتیژییەتی دەوڵەتی تورکە دژ بە گەلی کورد، نابێت پەدەکە پشتیوانی لەمە بکات و نابێت هاوبەشی ئەم ستراتیژییەی تورکیا بکات، ئێمە نازانین کە بەرژەوەندیی ئەوان چییە لەم کارە؟ بەڵام دەزانین مەترسیی لەسەر ئایندەی کورد زیاتردەکات.

قەرەیلان، ئاماژەی بەو بەهانەیە کرد، کە بۆ هێرشەکانی تورکیا دەهێندرێتەوە و وتی: ڕەنگە هەندێک کەس بڵێن ‘ لەبەر ئەوەی پەکەکە هەیە بۆیە دێن’ منیش دەڵێم پشتگیرییان مەکەن دەیبینین، کە دە دەتوانن بێن یان نا.

هەروەها، وتی: ساڵی پاریش ئێمە وتمان، کە دەوڵەتی تورک ناتوانێت بێتە ناوچەکانی زاپ ئاڤاشین و مەتینا و داگیریان بکات، دواتر بە کردەیی ئەو بەڵێنەمان جێبەجێکرد، مەگەر وانەبوو؟ ئێمە بانگەشە ناکەین  بە گرانی ئەم بارەوە قسەدەکەین لەسەر شانمانە، لێرە بە بە پڕوپاگەندەی هەرزانەوە زیادەڕەویی ناکەین،  ڕاستییەک لە بەردەممان هەیە، کە دەتوانین ئەم دووژمنە لەناوبدەین، بە کورتی پەدەکە نابێت پشتگیریی ئەم سیاسەتە فاشیستانەی دەوڵەتی تورک بکات، چونکە لە دژی هەموو کوردە.

دەشڵێت: پەکەکە گەرەنتییەکی گەورەیە بۆ باشووری کوردستان و بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان، ئەمە ڕاستییەکی گەورەیە ئەگەر پەکەکە نەبوایە دەوڵەتی تورک گوێی لە قەوارەی هەرێم نەدەگرت، ئەگەر پەکەکە نەبوایە کۆماری تورکیا هەرگیز لەگەڵ سەرۆکێکی کورددا کۆبوونەوەی نەدەکرد، ئێستا پەکەکە هەیە و پەکەکەش هەڕەشەیە بۆ سەریان.

دووپاتیدەکاتەوە: لەترسی پەکەکە لەگەڵ هەموو کەسێک دادەنیشن، دەبێت خەڵک ئەم ترسە ببینێت، ئێوە پشتگیرییان بکەن با پەکەکە لاوازببێت، ئەوکاتە دەیبینین کوا سڵاوێکیشتان لێ دەکەن؟ زۆر باش دەزانین کە سڵاوێکیشتان لێ ناکەن، لە دیدی ئەوانەوە پەکەکە مەترسیدارترینە، بۆیە دەیانەوێت سەرەتا پەکەکە لەناوببەن دواتر نۆرە دەگاتە هەموو کەسێکیتر،  ئەوان لە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستانن، دوو مانگ لەمەوبەر خلوسی ئاکار ڕایگەیاند:”نە لە تورکیا و نە لە دەرەوەی تورکیاش شوێنێک نییە بەناوی کوردستان، بەم ئامانجە شەڕدەکەن و ستراتیژییەتیان دادەڕێژنەوە.

ئاماژە بە دۆخی پەدەکەش دەکات و ڕایدەگەیەنیت: دۆخی پەدەکە لە ئێستادا وەک ئە مرۆڤەیە کە لەسەر دارێکە و خەریکە ئەو لقە دەبڕێتەوە، کە خۆی لەسەریەتی، بێگومان بە بڕینەوەی دارەکەی خۆی زەرەردەکات، هەقیقەت ئەمەیە، ئێمە دەمانەوێت لەو دۆخە دەربچین،  بۆ ئەوەش چ هەوڵدانێک پێویست بێت ئێمە ئامادەین، پێویستە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان ئەم مەترسییە ببینن و سیاسەتمەدارانی کورد بە ئەرکی خۆیان هەستن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button