نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە فەرماندەیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق: دەبێت بە زەبری ھێز پەکەکە لە شنگال دەربکرێت

لڤین:

شەڕی نێوان ھێزە عێراقییەکان و چەکدارانی پەکەکە لە شنگال ڕەوشی ناوچەکەی زیاتر ئاڵۆز کردوە و نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە فەرماندەیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، حکوومەتی عێراق ناچار دەبێت بە زەبری ھێز پەکەکە لە شنگال دەربکات.

لیوا عەبدولخالق تەلعەت، نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە فەرماندەیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: “تا ئێستا ھیچ بەندێکی ڕێککەوتنی ھەرێم و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال جێبەجێ نەکراوە، لە داھاتوودا کێشەی گەورە لە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی شنگال دەکەوێتەوە، ئەگەر ڕەوشی شنگال بەو شێوەیە بمێنێتەوە و ھێزەکانی سەر بە پەکەکە و ھەموو ئەو ھێزانەی دیکەی ناشەرعین لە شوێنی خۆیان نەکشێنەوە، ئەوە حکوومەتی عێراق ناچار دەبێت بە زەبری ھێز لەنێو شنگال و دەوروبەری وەدەریان بنێت.”

ئەو بەرپرسەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: “ھەتا ئەو گرووپە چەکدارانەی لە شنگال دەرنەچن، ئەوە ڕێگری سەرەکین لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان و حکوومەتی خۆجێی شنگال، چونکە ئەوانە ئاستەنگ بۆ دانانی قایمقام و بەرپرسانی حکوومەتیش دروست دەکەن.”

لیوا عەبدولخالق تەلعەت ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “ھێزەکانی پەکەکە لە شنگال ڕێگری دەکەن لە ھەموو ڕوویەکەوە بۆ ئەوەی ڕەوشەکە ئاسایی نەبێتەوە، ھەتا کاریگەرییان کردووەتە سەر ڕەوشی خزمەتگوزاری و بەڕێوەبردنی ئیدارەی حکوومەت لە شنگال، ئەو پێکدادانەی دروست دەبن لەنێوان پەکەکە و ھێزە عێراقییەکان نیشانەی ئەوەن کە بوونەتە سەرچاوەی کێشە لە شنگال.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button