بەشێک لە چەپەکانی کوردستان دەستدریژی سەربازی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان ڕیسوا دەکەین

لڤین:

لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان، دەستدریژی سەربازی سوپای تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان ڕیسوا و شەرمەزار دەکات. جارێکی دیکە سوپای دەوڵەتی تورکیا بەهەموو هێز وچەکی سەربازییەوە، بەردەوامی دەدات بە پروسەی داگیرکاری باشوری کوردستان و لەچەند ڕۆژی رابردوودا هێڕشی دڕندانەی کردوەتە سەر دەڤەری ئامێدی و گوندەکانی نێروە و ڕێکان و زنجیرە چیای مەتینا وئاڤاشین لە دژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و ئەو ناوچانەی بە تۆپ و فڕۆکە بەشێوەیەکی دژوار بۆردوومان کردووە و هەوڵی جێگیرکردنی هێزەکانی خۆی دەدات.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەو سێ حیزبەدا هاتووە کە تورکیا بەرلە چەند مانگێک دەستی بەلەشکرکێشی تازە کردووە وترس و دڵەڕاوکێی زۆری لەناو خەڵکی سڤیڵی ناوچەکە دروستکردووە. لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان، بەتوندی پرۆسەی داگیرکاری باشووری کوردستان لەلایەن سوپای تورکیاوە ڕیسوا و شەرمەزار دەکات و بێ هەڵویستی حکومەتی هەرێم و عێراق لەسەر ئەم پرسە بە لاواز دەزانێت و لەکاتێکدا دەبێت بە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان هەستن و هەڵویستی فەرمی خۆیان ئاشکرا بکەن وسەروەری خاکی کوردستان و عێراق بپارێزن و دەستدرێژی داگیرکەران رابگرن ودەنگیان هەبێت.

هەروەها پێویستە بەزووی نەتەوە یەکگرتووەکان و زلهێزانی جیهان لە دژی دەستێوەردانی دەوڵەتی تورکیا ئاگادای بکرێنەوە،کە لەناوچەکە دۆخی ئارامی و ئەمنی تێکدەدات و ئەم کارەش پێشێلکردنی پرنسیبەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە، حکومەتی تورکیا خەونی خۆسەپاندنی هەیە لەناوچەکە.

هەروەها سێ حیزبەکە لە ڕاگەیەنداوەکەیاندا دەڵێن ، بۆیە پیویستە حکومەتی تورکیا بە شێوەیەکی عاقڵانە مامەڵە لەگەڵ مافی ڕەوایی گەلی کورد بکات لەباکور و بەڕێگای چارەسەری سیاسی و دیموکراسی و ئاشتیانە لەگەڵ دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان بجوڵێتەوە.

لە کۆتایشدا ئاماژەشیان بەوە کردوە کە  گەلی کوردیش لە باکور دەستبەرداری مافی ڕەوای خۆی نابێت، تێکۆشانی خۆی بەرفراوانتر دەکات، پێویستە هێزەکانی کوردستانیش هەڵویستی خۆیان ئاشکرابکەن و دەست بەچالاکی ئاشتیانە بکەن لەدژی دەستدرێری وداگیرکاری دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان. ڕیسوا و شەرمەزاریی بۆ سوپای داگیرکەرسەرکەوتن و بەردەوامی بۆ تێکۆشانی گەلی ئێمه.

حزبی شیوعی کوردستان

حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان

بزوتنەوەی دیموکراسی گەلی کوردستان

١٩ نیسانی ٢٠٢٢

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button