فراکسیۆنى گۆڕان:دەبێت دامەزراوە شەرعییەكانی كوردستان دژی تورکیا هەڵوێستیان هەبێت

لڤین:
لەبارەى هێرشەکانى تورکیاوە، فراکسیۆنى گۆڕان یاداشتێکى ئاراستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان کردو دەڵێت: دەبێت دامەزراوە شەرعییەكانی كوردستان دژی ئەم شەڕە هەڵوێستیان هەبێت.
فراکسیۆنى گۆڕان ئهمرۆ سێشهممه 19ی نیسانی 2022، رایگەیاند: چەندینجارە فڕۆکەکانى تورکیا سەروەرى هەرێم و عێراق دەبەزێنن، بەتۆپبارانکردنى ناوچەکانى هەرێمى کوردستان و وێرانکردنى گوندەکان و زیانگەیاندن بە ئابورى کشتوکاڵى دێهاتەکان.
فراكسیۆنی گۆڕان دهڵێت: رابردو سەلماندویەتى کە شەڕ چارەسەرى کێشەکان ناکات، جگە لە ناسەقامگیرى بۆ ناوچەکە و زیانگەیاندن بە گەلان هیچ سودێکى دیکەى نیە، بۆیە دەبێت لە هەرێمى کوردستان و عێراق هەڵوێستى دامەزراوە شەرعییەکان ئاشکراو رون بێت و مامەڵەى حیزبیانە لەگەڵ ئەو کێشەیە نەکرێت، چونکە ئەمە پرسێکى نیشتمانى و نەتەوەیى و سەروەرییە.