هەدەپە داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات بەشێک نەبێت لە هێرشەکانی تورکیا

لڤین:

دەستەی بەڕێوەبەریی هەدەپە لەبارەی هێرشی سوپای تورک بە هاوکاریی پارتی لە باشووری کوردستان ڕایگەیاند، ئەم شەڕە شەڕێکە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵات، داواش لە حکومەتی هەرێم دەکات بەشێک نەبێت لەو شەڕە.

دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەیاننامەیەکی سەبارەت بە هێرشی هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە تیایدا دەڵێت: دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە بۆ ڕزگارکردنی داهاتووی خۆی، جارێکی دیکە تورکیا دەکات بە کارەسات و سیاسەتی جەنگ پەیڕەو دەکات.

هەدەپە دەشڵێت: ئەو هێرشانە تا ئێستا تاوانی گەورەی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی لێ کەوتووەتەوە، لەوانە گیان لە دەستدانی هاوڵاتییان و چۆڵکردن و سووتاندنی گوندەکان و لەناوچوونی ژینگە.

پارتی دیموکراتی گەلان ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئاکەپە سوود لە شەڕ و قەیران وەردەگرێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی و دەڵێت: ئەوانەی دەنگی خۆیان بۆ شەڕی ئۆکراین بەرز دەکەنەوە، نابێت بێدەنگ بن لە بەرامبەر ئەو هێرشە سەربازییە.

هەدەپە جەختیش دەکاتەوە، کە نابێت حکومەتی هەرێم بەشێک بێت لەو هێرشانە و دەڵێت: بێ دەنگ بوونیان لەو هێرشانە واتە نکۆڵیکردن لە داواکارییەکانی گەلی کورد بۆ ئازادیی.

ئەوەش دوای ئەوە هات، کە دوینێ سوپای تورکیا بە هاوکاریی پارتی لە هەرێمەکانی زاپ، مەتینا و ئاڤاشین هێرشێکی نوێی دەستپێکردووە و پارتیش هاوکاری دەکات، بەگوێرەی ئاماری ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگەش، تائێستا ٤٤ داگیرکەری تورکیا لەلایەن گەریلاکانی ئازادییەوە سزادراون.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button