میدیای یەکێتی : پارتی بۆ چاوساغی توركیا دژی پەكەكە هێزێكی زۆر رەوانەی شیلادزێ دەكات

لڤین:

تەنها دوو رۆژ دوای سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ توركیاو كۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب بەئامادەبوونی هاكان فیدان، هێرشی چڕی سەربازی توركیا لەهەرێم دژی پەكەكە دەستیپێكردو پارتیش بۆ هاوكاریكردنی توركیا هێزێكی زۆری ئاسایشی رەوانەی شیلادزێ كرد. بەرگری توركیاش رەوانەكردنی هێزەكەی پارتی پشتڕاستكردنەوەو رایگەیاند: بەهاوكاری دۆستەكانمان ئۆپراسیۆنەكەمان دەستپێكردوە.

لە شەوی رابردوەوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ 18ی 4ی 2022، توركیا لەڕێی بۆردومانی چڕی فڕۆكەوە سنوری پارێزگای دهۆكی بۆردومان كردوەو دواتریش دەستیكردوە بەدابەزاندنی هێزی سەربازی لەو ناوچانەدا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەی تایبەتەوە دەست میدیای یەکێتی كەوتوون، شەوی رابردوو خەڵكی قەزای ئامێدی و ناحیەی شیلادزێ و گوندەكانیان شەوێكی پڕ مەترسیان بەڕێكردوەو تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە كە نزیكبوون لەبۆردومانە چڕەكەی فڕۆكەكانی توركیاوە مەترسی لەسەر ژیانیان هەبووە.

هێرشەكە دوو رۆژ دوای سەردانەكەی مەسرور بارزانی دێت بۆ توركیا
دەستپێكردنی هێرشەكەی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش سنوری پارێزگای دهۆك تەنها دوو رۆژ دوای سەردانەكەی مەسرور بارزانی دێت بۆ توركیا، رۆژی 15ی ئەم مانگەش فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێم لەبارەی سەردانی مەسرور بارزانییەوە راگەیەنراوێكی بڵاویكردەوەو لەبەشێكیدا دەڵێت: ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 15ی نیسانی 2022 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە شاری ئیستانبول، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا كۆبووەوە.
راگەیەنراوەكە دەشڵێت: لەكۆبوونەوەكەدا پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا تاووتوێ كراو جەخت لەفراوانكردنی دەرفەتەكانی ھاریكاری لەپێناو ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكەدا كرایەوە.
هەر دوای بڵاوكردنەوەی هەواڵی كۆبوونەوەكەی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆگان و مەسرور بارزانی كە بەبێ دانانی ئاڵای كوردستان بەڕێوەچوو، میدیاكانی پارتی دەستبەجێ وێنەی كۆبوونەوەكەیان لەسایت و پەیجەكانیان سڕیوە.
شەوی رابردووش لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشە ئاسمانی و زەمینیەكەی توركیا كە بۆ چیای كوڕەژار لە سنوری شیلادزێ و زنجیرە چیای مەتین لە ئامێدی و ناوچەی بەرواری باڵاو سنوری زاب و ئاڤاشین بووە، پارتی بەهێزێكی گەورەی ئاسایش چاوساغی بۆ هێرشەكەی توركیا كردوە، هێزێكی رۆژیش لەناوچەكەدا هاوكاری گەورەی توركیان كردوە بۆ لەشكركێشییەكە.

چاوساغی پارتی بۆ توركیا
بەپێی زانیارییەكان، لەگەڵ دەستپێكردنی هێرش و بۆردومانەكەی توركیا بۆ سنوری پارێزگای دهۆك و شەڕی قورس لەگەڵ هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، پارتی لەدهۆكەوە هێزێكی زۆری ئاسایشی بەچەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی و چەكەوە رەوانەی دەوروبەری شیلادزێ كردوە بۆ هاوكاریكردنی توركیا لەدژی پەكەكەو چاودێریكردنی خەڵكی ناوچەكە.
هێزەكەی ئاسایشی پارتی كە بۆ هاوكاریكردنی توركیا گەیشتونەتە دەوروبەری شیلادزێ لەو شوێنانەی بۆیان دیاریكراوە جێگیركراون و بەوردی چاودێری هاووڵاتیان دەكەن.
هاوكات هێزێكی رۆژیش كە لەسەر قوت و بودجەی خەڵكی كوردستان لەلایەن پارتییەوە دژی كوردانی رۆژئاوا لەرابردوودا دروستكرا، لەسەرەتای گەلی باڵندەی سنوری ناحیەی شیلادزێ كە دەشكەوێتە سنوری رێكان و بارزانیان رەبایەی سەربازیان داناوەو هاوكاری سوپای توركیا دەكەن.
بەپێی زانیارییەكان، هێزەكەی رۆژ تائێستا چەندجارێك تەقەیان لەخەڵكی ناوچەكە كردوە كە بۆ سەردانی رەزوباخەكانیان دەگەڕێنەوە گوندەكانیان، تەنانەت هاووڵاتیەكی گوندی سیتەشیان شەهیدكردوەو لەدوو هەفتەر رابردوشدا تەقەیان كردوەو دوو گەنجیان بریندار كردوە.

بەرگری توركیا: بەهاوكاری دۆستكانمان ئۆئۆپراسیۆنمان دەستپێكرد

وەزارەتی بەرگری توركیاش دوا دەستپێكردنی هێرشەكەی لەڕاگەیەنراوێكیدا ئەوەش پشتڕاستكردەوە كە بەهاوكاری دۆستەكانیان كە مەبەستیان پارتی دیموكراتی كوردستانە هێرشی ئاسمانی و زەمینیان بۆ ناوچەكانی سنوری پارێزگای دهۆك دژی پەكەكە دەستپێكردوە.
وەزارەتی بەرگری توركیا دەشڵێت: بەهاوكاری دۆستەكانمان ئۆپەراسیۆنەكەمان بۆ سەر ناوچەكانی (مەتینا، زاب، ئاڤاشین و باسیان) لەھەرێم دەستپێكردوەو تەنھا چەكی توركیا بەكاردەھێنن و زیانی گەورەش لە پەكەكە دراوە.
هەر لەبارەی هێرشەكەوە، خڵوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا رایگەیاند:ئۆپەراسیۆنەكەیان لەڕێگەی هێزی ئاسمانی و وشكانییەوە دەستپێكردوەو ئەو ئامانجانەشی لە قۆناغی یەكەمدا دیاریكرابوون بەدیهاتوون و خلوسی ئاكار وەزیری بەرگری خۆی بەشێوەیەكی راستەوخۆ سەرپەرشتی هێرشەكە دەكات.
دوای چەند سەعاتێك لەشەڕو پێكدادانی نێوان سەربازانی سوپای توركیاو هێزەكانی پەكەكە، هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو دەڵێت: لە روبەڕووبونەوەیەكدا 28 سەربازی توركیا لە زاب و ئاڤاشین كوژران و 9 سەربازی تریش برینداربوون و دوو ھێلیكۆپتەری سوپای توركیاشمان خستوەتەخوارەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button