ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد: پارتی و تورکیا نەیارێکی وەهمییان بۆ خۆیان دروست کردووەو ناویان لێ ناوە پەکەکە

لڤین: هۆشیارجەمال

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد ــ نوسەرو ڕۆژنامەنووس ڕایگەیاند:” ئەو لەشکر کێشییەی تورکیا لە باشووری کوردستان دەیبینین پرۆسەیەکە لەناو مێژوودایە، خەونێکی کۆنی دەوڵەتی تورکیایە و دەیەوێت دەستی بگاتەوە ئەو خاکانەی کە لەئەدەبیاتی سیاسی تورکیادا پێی دەڵێن (خاکی دوور).”

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد ــ نوسەرو ڕۆژنامەنووس لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ” لڤین” وتی ئەگەرچی تورکیا پارتی کرێکاران دەکاتە هۆکاری هێرشەکە بەڵام لەڕاستیدا ئەم قسەیە بیانووە، تورکیا بەمێژووی خۆی چاوی لەم خاکەیەو لەهەوڵی داگیرکردنیشیدایە و لێی ناکشێتەوە، نوری سەعید لەساڵی 1928دا دەڵێت: پێویستە ڕێگری لەهاتنە ناوەوەی سوپای تورکیا بکەین بۆ خاکی عێراق، چونکە تورکیا چووە هەر شوێنێک لێی ناکشێتەوە.

هەروەها لەپێشوودا و لەدواین هێرشەکانی شەوی دوو شەممەی ١٨ــ ٤ ــ ٢٠٢٢ی تورکیاشدا، تورکیا ئەوەی نەشاردۆتەوە هێرشەکانیان لە باشووری کوردستان، بەهاوکاری دۆستەکانیان بووە.

ئەو نووسەرە وتیشی ، مەخابن پارتی دیموکراتی کوردستان لەناو پیلانێکی گەورەی تورکیادایە و دەستکێشی بۆ تورکیا کردووە بۆئەوەی پیلانەکەی بەباشی بچێتە پێشێ، دواجار پارتی و تورکیا نەیارێکی وەهمییان بۆ خۆیان دروست کردووەو ناویان لێ ناوە پەکەکە، لە ڕاستیدا پەکەکە ئەگەر لەگەڵ تورکیا شەڕیشی هەبێت ئەوە داوای مافە و بەرگرییە لەدۆزی ڕەوای گەلێک، بەڵام پارتی لەخۆڕا چۆتەناو شڕێکی لەم شێوەیەوە لەگەڵ پەکەکەدا، تەنها شتێک کە تورکیا بۆ پارتی دەکات ئەوەیە کە لەکۆی گشتی پرسەکانی هەرێم و عێراقدا، پشتیوانی پارتی دەکات، وەک چۆن ئەمریکا لە ڕێککەوتنی نەوتی سعودیەدا بنەماڵەی ئال سعود دەپارێزێت.

لە بارەی هەڵوێستی یەکێتیشەوە ئازاد ئیبراهیم ئەحمەدی نووسەر و ڕۆژنامەنووس دەڵێت دەبێت ڕاستگۆبم لەسەر ڕۆڵی یەکێتی لە دژایەتیکردنی لەشکرکێشی تورکیادا، یەکێتی لەهەرێمی کوردستان هیچی پێناکرێت و پێشتریش بە هەندێک بیانووی لاواز نوێنەرایەتی یەکێتی لەئەنقەرە داخراوە، دژایەتی یەکێتی بۆ ئەو لەشکرکێشییە کاریگەری لەهەرێم نابێت، چونکە ئەو بەشەی هەرێم کە تورکیا داگیری کردووە بەڕەهایی جێ دەسەڵاتی پارتییە و یەکێتی لەو ناوچانەدا دەسەڵاتی نییە جگە لە پرۆتستۆکردنی لەشکرکێشییەکە، بەڵام یەکێتی دەتوانێت لەبەغدا بەدوو ڕێگا دژی ئەو لەشکرکێشییە بووەستێتەوە:
یەکەم/ لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ولەڕێگەی پرۆژە یاساوە کۆدەنگی کۆبکاتەوە بۆ دەرکردنی سوپای تورکیا، ئەگەر ئەم ڕێگاش سەرکەوتوو نەبوو، ئەوا لەڕێگای بالیۆزەکانی عێراقەوە پرسەکە بباتە دەرەوە.
دووەم/ غازی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی بدرێت بەبەغدا و نەدرێتە تورکیا، ئەمەش وەک ناڕەزایەتی دژی لەشکرکێشییەکە

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button