بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا عومەری سەید عەلی وەك رێكخەری گشتی گۆڕان دابنرێتەوە

لڤین:

بەگوێرەی هەواڵێکی دەزگای میدیایی درەو، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەندامانی دەستلەكاركێشاوەی خانەی راپەڕاندنی دانایەوە، عومەر سەید عەلی رازی نەبوو وەك رێكخەری گشتی دابنرێتەوە.
لە دوای ئەنجامی هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری رابردووی عێراق و بەدەستنەهێنانی هیچ كورسیەك لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە، رێكخەرو ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دەستیان لەكاركێشایەوە، بەڵام جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕأن نەیتوانی شوێنەكەیان پڕبكاتەوە.
لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانداو دوای رێككەوتنی باڵەكانی ناو گۆڕان ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دانرانەوە هەریەك لە :
جەمال محەمەد سەرۆكی جڤاتی گشتی و ئەندامی خانەی راپەڕان
سەفین مەلا قەرە ئەندامی خانەی راپەڕان
شێخ كامیل پێنجوێنی ئەندامی خانەی راپەڕان
ئاسۆ رەحیم ئەندامی خانەی راپەڕان
بەڵام هەریەك لە (دەرباز محەمەد، برزۆ مەجید) ئامادەنەبوون بگەڕێنەوەو دابنرێنەوە، هاوكات عومەر سەید عەلی رازی نەبوو وەك رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دابنرێتەوە، بەڵام سەرچاوەیەك لەناو بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاند ، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە كۆبونەوەیەكی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆران عومەر سەید عەلی وەك رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دابنرێتەوە.
بڕیارەكەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەدانانەوەی ئەو ئەندامانەی خانەی راپەڕاندن وەك كاربەڕێكەر و سەرپەرشتیاری (7) لیژنەكەی بزوتنەوەی گۆڕأنە تا كاتی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان و كۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان كە بڕیارە لە سەرەتای مانگی تەمووزی داهاتوو بەرێوەبچێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button