سەرۆک کۆماری ئێران: چاوەڕوانی ئەوە دەکەین عێراق رێگە بە چالاکی لە دژی ئاسایشی نیشتمانیمان نەدات

لڤین:

سەرۆک کۆماری ئێران، ئیبراھیم رەئیسی رایگەیاند، چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە حکوومەتی فیدراڵی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رێگە بە ھیچ کردارێک نەدەن کە زیان بە ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەگەیه‌نێت.

بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە سەرۆکایەتی کۆماری ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئیبراهیم رەئیسی پێشوازیی لە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن كردووه‌ کە بەسەردانێک لە تارانە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پێشھاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کراوە.

بەپێی راگەیەندراوەکە رەئیسی، ئاماژەی بە ھیوای وڵاتەکەی بۆ بینینی کرانەوەیەکی سیاسی کە لەسەر ویست و بەرژەوەندی گەلی عێراق و بە ھەماھەنگی لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق بنیات نرابێت، کردووە.

سەرۆککۆماری ئێران جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی تاران و بەغدا تێکەڵی یەکترن و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە رێگە بە ھیچ لایەنێک نەدرێت لە خاکی عێراقەوە بەو خاکەی کە لە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی فیدراڵ و ئه‌وه‌شی كه‌ لەژێر ده‌سه‌ڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، زیان بە ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بگه‌یه‌نن.

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن جەختی لەسەر پێداگریی عێراق بۆ پتەوکردنی ئاستی ھەماھەنگی و پێکەوەکارکردنی نێوان ھەردوو وڵات لە بواری هه‌رێمیی و نێودەوڵەتیی کردووە و ئەوەی خستوەتەڕوو کە وەکو وڵاتێکی ھاوپەیمان و دۆست تەماشای ئێران دەکەن.

فوئاد حسێن راشیگەیاندووە، رێگە بە ھیچ چالاکییەک بۆسەر ئاسایشی ئێران نادەن و ئاماژەی بەوە کردووە بۆ رێگرییكردن لە ھەر ھەرەشەیەک بۆ سەر بەرژەوەندی ئێران، ئامادەی ھەماھەنگییەکی گشتگیرن کە پرسە ئەمنییەکانیش لە خۆدەگرێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button