وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: دادگاکانی هەرێمی کوردستان سەربەخۆ نین

لڤین:

بەگوێرەی هەواڵێکی دەنگی ئەمریکا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە دوایین ڕاپۆرتیدا لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە جیهان دەڵێت لە هەرێمی کوردسانی عێراق هێزەکانی ئاسایشی لە دەرەوەی یاسا ڕەفتاردەکەن، دادگاکانی کوردستان سەربەخۆ نین، ڕۆژنامەنووسان ناتوانن ڕۆڵی کاریگەری خۆیان بگێڕن.

بەشێکی گرنگی راپۆرتەکە، کە سێشەممە بڵاوکراویەوە، جەخت دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان و عێراق و دەنووسێت، “پۆلیسی فیدراڵی، هێزەکانی حەشدی شەعبی و هەندێک لە یەکەکانی ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی یاسا مامەڵەیان کردووە.”

ڕاپۆرتەکە دەڵێت لە هەرێمی کوردستان شەش گرتوخانە هەن- سیانیان بۆ پیاوان و سیانیان بۆ ژنان و منداڵان. دەنووسێت، لەو گرتوخانانەدا زیاد لە ژمارەی ڕێگەپێدراو خەڵک زیندانیکراون.

ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بە ڕاپۆرتێکی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان دەکات کە مانگی نۆ نووسیبووی سەنتەری چاکسازی هەولێر کە جێگای 900 بەندکراو دەکاتەوە، 1875 کەسی تێدا بەندکراوە. واتا زیاتر لە دوو هێندەی توانای ئەو بەندیخانەیە.

ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەنووسێت ” لە هەندێک سەنتەر و بەندینخانەی ژێر دەسەڵاتی پۆلیس، دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەندێک جار خەڵکی منداڵیان لەگەڵ کەسی گەورەدا بەندکردووە.”

بەشێکی ڕاپۆرتەکە باسی بەندکراوەکانی بادینانە. دەڵێت بەندکراوەکان دەڵێن دانپێندانانەکانیان لە ژێر ئەشکەنجەدا لێوەرگیراوە بەڵام دادوەری دادگاییەکە بێ ئەوەی لێکۆڵینەوە بکات ئەو بانگەشانەی پشتگوێخستووە. بەندکراوەکانی بادینان ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی سیاسین کە حکومەتی هەرێم بە سیخوڕی و تێکدانی ئاسایشی هەرێم تۆمەتباریان دەکات.

لە بارەی بارودۆخی ڕۆژنامەگەرییەوە لە کوردستان، راپۆرتەکە دەڵێت لە ژێر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا، ئەو کەناڵانەی لە پارتی نزیکن وەکو ڕووداو و کوردستان24، زیاتر توانای دەستکەوتنی زانیاریان هەیە. بە هەمان شێوە لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتیشدا، ڕاپۆرتەکە دەڵێت کەناڵی کوردسات و گەلی کوردستان، خاوەنی هەمان ئیمیتازن.

ڕاپۆرتەکە دەنووسێت، بەپێچەوانەوە ئەو کەناڵانەی کە سەر بە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنن یاخود سەر بە هیچ لایەنێک نین، توانای دەستکەوتنی زانیاری گشتیان لە هەرێمی کوردستان سنووردارکراوە.”

ڕاپۆرتەکە هەرەوەها دەنووسێت، “نەبوونی لێپێچینەوە لە حاڵەتەکانی توندوتیژیدا بەرامبەر میدیا، نەبووونی دادگایەکی سەربەخۆی ڕاستەقینە، دامەزراوەی ڕێکخستنی کاری میدیا کاریگەری ڕۆژنامەنووسانیان کەمکردووەتەوە.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button