بایدن: یارمەتی سەربازی ئۆکرانیا دەدەین

لڤین:

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند وڵاتەکە 800 ملیۆن دۆلاری دیکە لە یارمەتی سەربازی دەدات بە ئۆکرانیا.

بەم یارمەتییە سەربازییەوە تاوەکو ئێستا ئەمەریکا بە بڕی زیاتر لە 2.5 ملیار دۆلار یارمەتی سەربازیی ئۆکرانیای داوە، سەرۆک بایدن لە بەیاننامەیەکدا دوای پەیوەندییە تەلەفونییەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی یارمەتییەکان بریتین لە قەڵغانی لەش و تەقەمەنی تۆپهاوێژ و سیستمی تۆپهاوێژ.

سەرۆک بایدن وتی گواستنەوەی کۆپتەری دیکەشی بۆ ئۆکرانیا پەسەند کردووە، وتیشی ئەو کەلوپەلانەی بۆ ئۆکرانیا دابینکراون لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ڕووسیادا ” هەستیار بوون “.

سەرۆک بایدن وتی ” ئێستا ناتوانین ئیسراحەت بکەین. وەکو چۆن سەرۆک زێلێنسکیم دڵنیا کردەوە، گەلی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە وەستان لە پاڵ گەلە ئازاکەی ئۆکرانیادا لە شەڕییاندا بۆ ئازادیی.”

بەپێی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا یارمەتییەکان بریتین لە 11 کۆپتەری جۆری می – 17 و 18 هاویتزەری 155mm و ڕاداری دژە تۆپهاوێژ و 200 قەڵغانی لەش. ئەمەش یەکەمین جارە ئەمەریکا هاویتزەر بدات بە ئۆکرانیا.

زێلێنسکی داوای لە ئەمەریکا و ڕابەرانی ئەوروپا کردووە چەکی قورس بدەن بە ئۆکرانیا، لەکاتێکدا وڵاتەکەی ڕووبەڕووی داگیرکارییەک بووەتەوە کە هەزاران کەسی کوشتووە و ملیۆنان کەسیش ئاوارە بوون.

ڕۆژی چوارشەممە ڕووسیا وتی کۆنتڕۆڵی شاری ماریوپۆڵی کردووە و زیاتر لە 1000 سەربازی ئۆکرانی لە شارەکەدا خۆیان داوە بە دەستەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button