وەزارەتى خوێندنى باڵا زەمالەی خوێندنى ماستەر لە وڵاتى کۆریاى باشوور ڕادەگەیەنێت

لڤین:

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، فەرمانبەرانى وەزارەتەکەى ئاگادار دەکاتەوە، کە وڵاتی کۆریاى باشوور لە چوارچێوەى ئەم پرۆژە هاوبەشەى، کە بۆ دەرفەتى خوێندن لە ماوەى پێنج ساڵ لەنێوان سەنتەرى لێکۆڵینەوەى پەرەپێدانى نێودەوڵەتیى کۆریاى باشوور و حکوومەتى هەرێمى کوردستاندا هەیەتى، دوو کورسیى خوێندنى ماستەر بە شێوەى زەمالەی خوێندن پێشکەش بە دامودەزگاکانى وەزارەتەکەمان کردووە، لە بوارەکانى (سیاسەتى گشتى، سیاسەتى پەرەپێدان و بەڕێوەبردنى گشتى).

هەر کەسێک ئەم مەرجانەی خوارەوەى تێدا بەرجەستە دەبێت و ئارەزووی خوێندنی لە زانکۆکانی وڵاتی کۆریاى باشوور، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تێبیینیانەی خوارەوە دەکات، تکایە داواکاریی لە ڕێگەی ئەم لینکەوە پێشکەش بە سەرچاوەی زەمالەکە بکەن.

ماستەر:

–   پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بێت.

–   پێشکەشکار دەبێت لەدوای بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت.

–  ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆیە بەر لە پێشکەشکردن، تکایە تەواوی وردەکارییەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە، کە داواکاریی بۆ پێشکەش دەکەن.

–  داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاریی بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتا بەکالۆریۆسەکەی لە هەمان بواردا بێت).

–   بەربژێری سەرکەوتوو لەلایەن وەزارەتەکەمان، تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت، واتا بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.

–   بەربژێری سەرکەوتوو، لەلایەن وڵاتی کۆریاى باشوورەوە پشتگیریی دارایی دەکرێت. بۆ وردەکاریی زیاتر، تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.

–   پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ و تەنیا لە ڕێگەی ماڵپەڕی سەرەکیی زەمالەکە (کۆریاى باشوور) دەبێت.

–   تکایە ڕۆژی (١٩/٤/٢٠٢٢) تەواوی کۆپیی ئەم دۆکیۆمێنتانەی خوارەوە پێشکەش بە وەزارەتەکەمان/ بەڕێوەبەرایەتیی نێردراوان، بکەن.

–   پێویستە پێشکەشکار لاری نەبوونی فەرمانگەکەی بهێنێت، کە تیایدا ماوەی ساڵانی خزمەتی دوای بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامەی بە ڕوونی تیایدا دیاری کرابێت. لەگەڵ پوختەی ڕاژە، کە هاوپێچی نووسراوی لاری نەبوونەکە بێت، بەڵام ئەگەر دانەمەزرابوو، ئەوا پێویستە وێنەیەک لە کارتی زانیاری، یان پشتگیریی موختاری گەڕەک بهێنێت.

–   وێنەیەک لە بڕوانامەی بەکالۆریۆس بە هەردوو شێوە (بە نمرە و بڕوانامەی دیواری).

–   توانستی زمانی ئینگلیزی.

–   پاسپۆرت.

تێبینی:

–   هەرکەسێک ئەو مەرج و ڕێنماییانەی سەرەوەی تێدا بەرجەستە نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێ نادرێت.

–   تکایە بۆ هەر پرسێارێک، یان زانیاریی زیاتر، سەرەتا سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button