ڕووسیا فەرماندەیەکی نوێ بۆ سەرکردایەتیکردنی سوپاکەی لە ئۆکرانیا دەستنیشان کرد

لڤین:

بەگوێرەی هەواڵێکی دەنگی ئەمریکا، ڕووسیا فەرماندەیەکی نوێی بۆ سەرکردایەتیکردنی هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەستنیشانکرد، بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن فەرماندە نوێیەکە تۆماری هەیە لە ئەنجامدانی کردەوەی دڕندانە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی لە سوریا و ئەو ناوچانەی دیکە کە جەنگییان تێدایە.

ڕۆژی یەکشەممە بەرپرسانی ئەمەریکا وتیان فەرماندە سەربازییە نوێیەکەی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا ناوی جەنەڕاڵ ئالیکساندەر دڤۆرنیکۆڤە و تەمەنی 60 ساڵە و یەکێکە لە بە ئەزموونترین ئەفسەرانی سەربازیی ڕووسیا.

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن دڤۆرنیکۆڤ لە ساڵی 2015 دا ڕەوانەی سوریا کراوە بۆ پشتیوانیکردن لە هێزەکانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد و ماوەی ساڵێک سەرکردایەتی هێزەکانی ڕووسیای کردووە لە سوریا. لەلایەن ڕووسیاوە بە پاڵەوان ناویبراوە لەسەر ئەو ڕۆڵەی هەیبووە لە سوریادا و لە ئێستادا فەرماندەی سوپای ڕووسیایە لە ناوچەی باشووری وڵاتەکە.

بەڵام لەژێر سەرکردایەتییەکەیدا لە سوریا، هێزەکانی ڕووسیا بە تۆمەتی بۆردومانکردنی گەڕەکەکانی هاوڵاتیانی مەدەنی و نەخۆشخانەکان تۆمەتبار دەکران.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەڕێوبەری ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕامی عەبدولڕەحمانەوە بڵاویکردەوە ” نابێت بە تەنها بەشار ئەل ئەسەد بە بەرپرس دابنرێت لە کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنیدا لە سوریا، دەبێت جەنەڕاڵە ڕووسییەکەش بە بەرپرس دابندرێت، کە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بووە، ئەوەش مانای ئەوەیە ئەو لەڕێی فەرمانەکانییەوە لە پشت کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنییەوە بووە.”

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان بە سی ئێن ئێنی وت ” دەتوانین لە ئۆکرانیا پێشبینی کاری زیاتری لەوشێوەیە بکەین لە دڤۆرنیکۆڤەوە.”

سۆلیڤان وتی ” دەستنیشانکردنی هیچ جەنەڕاڵێک ئەو ڕاستییە ناسڕێتەوە کە ڕووسیا ڕووبەڕووی شکستێکی ستراتیژی بووەوە لە ئۆکرانیا.”

وتی ” ئەم جەنەڕاڵە نوسەرێکی دیکەی تاوان و کردەوە دڕندانەکان دەبێت دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیا. وەکو پێشتریش وتم ئەمەریکا سوورە لەسەر ئەوەی هەرچی لە توانایدا بێت بیکات بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکرانییەکان لەکاتێکدا ئەوان بەرهەڵستی ئەو دەکەن و بەرهەڵستی ئەو هێزانەش دەکەن کە ئەو سەرکردایەتییان دەکات.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button