سەرۆک کۆماری ئێران: هەوڵەکانمان بۆ سوود وەرگرتن لە وزەی ئەتۆمی چڕ کردووەتەوە

لڤین:

سەرۆک کۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی رایگەیاند:” هەوڵەکانیان بۆ بەکارهێنان و سوود وەرگرتن لە وزەی ئەتۆمی چڕ کردووەتەوە.”

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمی کە لەلایەن سەرۆکایەتی کۆماری ئێران بڵاوکراوەتەوە، ئیبراهیم رەئیسی بەبۆنەی رۆژی نەتەوەیی تەکنەلۆجیای ئەتۆمی بەشداریی لە پێشانگایەکدا کرد کە لە لایەن دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران لە هۆڵی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی رێکخرابوو.

لە میانی ئامادەبوونیان له پێشانگەدا هەریەک سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران، محەمەد ئیسلامی و پسۆڕی زانست و تەکنەلۆجیا و یاریدەدەری سەرکۆماری ئێران، سۆرێنا سەتتاری نوێترین زانیارییان لەبارەی دواین چالاکییەکانی دامەزراوەکە بە سەرکۆماری ئێران راگەیاند.

سەرکۆماری ئێران لەمیانی وتارێکیدا ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی لە پرسی وزەی ئەتۆمیدا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە و گوتی: “هەوڵەکانمان بۆ بەکارهێنان و سوود وەرگرتن لە وزەی ئەتۆمی چڕ کردووەتەوە و حکوومەتیش بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی کردنی ئەو پڕۆسەیە”.

هەروەەها لەمیانی پێشانگاکەدا دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران پڕۆژەیەکی نوێی بەرهەمهینانی وزەی کارەبای لە وێستگەی ئەتۆمی شاری دارهۆڤین سەربە پارێزگای خوزستان راگەیاند کە توانای بەرهەمهێنانی ٣٦٠ مێگاوات کارەبای هەیە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button