بەبۆنەی روخانی سەدامەوە.. چیرۆكی كەڵەشێرەكە

لڤین:
وتارێكی ساڵی 2007 كە بۆ ئێستای عێراق‌و كوردستانیش گونجاوە.
كەڵەشێر باشی ( الدیك الباشی)
خالد ئەلقشتینی
وەرگێڕانی: ژوان ئەحمەد سەعید
ئەو دۆخەی ئێستا عێراقی پیا تێپەڕ دەبێت، بیری سەرگوزەشتەیەكی موسڵاویم دەخاتەوە.
سەرگوزەشتەكە دەڵێت، پیاوێكی موسڵاوی توشی گرفت ببو بەدەست دراوسێكەیەوە چونكە كەڵەشێرێكی هەبوو بەردەوام پێش بەرەبەیان ئەیخوێند.
پیاوەكە كە بێزار ببو بەدەست ئەو دەنگی كەڵەشێرەوە هیچ رێگەیەكی لەبەردەمدا نەما جگە لەوەی بچێت‌و لەدەرگای ماڵی دراوسێكەی بدات.
بەخێربێن گەورەتان كردین بەم سەردانە، بەڵام نهێنی ئەم سەردانە لەناكاوە چی یە هاوسێ ئازیزەكەم
پیاوەكەش وتی: قوربان لەگەڵ هەموو رێز‌و خۆشەویستیەكەم بۆ پێگەی ئێوە، بەڵام ئەم كەڵەشێرەتان ژیانی تاڵ كردوم، لەو كاتەی نوقمی خەوم ئەم كەڵەشێرە دەست بە خوێندن دەكات هەر هاواریەتی تا لە جێگە هەڵدەسم‌و لە ماڵ ئەرۆمە دەرەوە. بۆیە سوپاسگوزار ئەبم ئەگەر چارەی بكەی.
خاوەن كەڵەشێر وەڵامی دایەوەو وتی: قوربان هاوسێ پێش ماڵ هاتوە، بۆیە سەری ئەبڕم‌و لەناوی ئەبەم، ئەیكەم بە خوانێكی رازاوە‌و تۆش داوەت ئەكەم بۆ ئەوەی بیخۆین
هەروا بوو، بەڵام لەم سەردەمە وەڵامەكە ئەڵێت تف لە خۆت‌و باوكت كە ناتوانی بخەویت، ئەم كەڵەشێرە خۆت‌و عەشرەتەكەت ئەهێنێت، بەڵام سەردەمی زوو هاوسێ مافی بەسەر هاوسیوە هەبوو، خەڵكیش رێزی یەكتریان دەگرت، نەك هەر ئەوە بەڵكو راستگۆ بون لە گوفتار‌و بەڵێنیش، ئیتر وا بوو.
هاوسێكە كەڵەشێری سەربڕی‌و كردی بەخوانێك، دراوسێی ئازیزی بانگهێشت كرد‌و خۆشی لەو خوانە بینی‌و سوپاسی خوا‌و دراوسێ‌و خاوەن كەڵەشێری كرد
رۆژان رۆیشت‌و پیاوەكە لە دەرگای ماڵی دراوسێی دایەوە، چی بوە قوربان‌و ئێستا چیت لێم ئەوێ؟
پیاوەكە وتی: سوپاسگوزارم بۆ چاكێتی‌و سەربڕینی كەڵەشێرەكە، بەڵام ئێستا شەوانە بە دەنگی 20 كەڵەشێر خەبەرم ئەبێتەوە پێكەوە ئەخوێنن، گوێ‌و مێشكم نەماوە، چاوەروانی ئەوەم لێ نەئەكردیت.
خاوەن كەڵەشێر وتی: تۆ بێزار بووی لەو كەڵەشێرە‌و منیش لەبەر خاتری تۆ‌و چاوی تۆ سەرم بڕی، بەڵام من 20 كەڵەشێری ترم هەبوو ئێستاش هەر هەمە، ئەوەی سەرم بڕی كەڵەشێر باشی بوو، زاڵ بوو بەسەر هەموو كەڵەشێرەكانی ترا‌و لێی ئەترسان، نەیئەهێشت یەك كەڵەشێر بخوێنێت، دوێنێ تۆ داوات كرد لەناوی ببەم‌و وامكرد، بۆیە ئێستا یەك شت نەماوە لە كولانەكە بەسەر ئەو 20 كەڵەشێرەیا زاڵ بێت ، بۆیە هەمویان ئەخوێنن
ئەم چیرۆكەم لە هاوڕێیەكی موسڵاوی بیست، پێم وت سوبحانەڵا، ئەم چیرۆكە چەند لەگەڵ ئێستای عێراق ئەگونجێت، ئەو كەڵەشێرەیان سەربڕی كە زاڵ بو بەسەریاندا‌و لێی ئەترسان، بۆیە ئێستا هەریەك بە خواستی خۆی ئەخوێنێت، بۆیە لەگەڵ من بڵێن:
لاحول و لا قوە الا بالله العلی العظیم

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button