سعوودیە مەرجەکانی بۆ حەجکردنی ئەمساڵ رایگەیاند

لڤین:

وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودیە رایگەیاند کە رێگا دراوە، یەک ملیۆن کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی سعوودیە، فەریزەی حەج بۆ ئەمساڵ بەجێ بگەیەنن.

وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودیە لە راگەیاندراوێکدا، مەرجەکانی بۆ حەجی ئەمساڵ دیاریکردووە و ئاماژەی بەوەداوە کە ژمارەی حاجیانی ئەمساڵ زیاد کراوە و رایگەیاندووە کە رێگا دراوە یەک ملیۆن کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی سعوودیە، فەریزەی حەج بۆ ئەمساڵ بەجێ بگەیەنن.

بەپێی راگەیاندراوەکە، ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بۆ ئەمساڵ فەریزەی حەج بەجێ بگەیەنن، دەبێت تەمەنیان لە خوار ٦٥ ساڵان بێت، ھەروەھا بەمەرجی ئەوەی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتبێت و یەکێک لەو ڤاکسینانەبێت کە وەزارەتی تەندروستیی سعوویە پەسەندی کردبێت.

ئەوەیش خراوەتەڕوو، ئەو کەسانەیش کە لە دەرەوەی سعوودیەوە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن، پێویستە پشکنینی کۆرۆنایان هەبێت و پشکنینەکەش ٧٢ کاتژمێری بەسەردا تێپەڕ نەبووبێت بەر لە گەشتکردن بۆ سعوودیە.

لە راگەیاندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوەشکراوەتەوە، ئەوەی کە پێویستە لەسەر حاجیان لە کاتی جێبەجێکردنی فەریزەکانی حەج، پابەندبوونە بە رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان.

ساڵی ٢٠٢٠ بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، سعوودیە ژمارەی سەردانیکارانی حاجیانی کەمکردەوە و تەنھا رێگای دا، ١٠ ھەزار کەس لە ناوخۆی ئەو وڵاتە، فەریزەی حەج بەجێ بگەیەنن.

لە ساڵی رابردوودا، رێگا بە ٦٠ ھەزار کەس لە ناوخۆی سعوودیە درا کە فەریزەی حەج بەجێ بگەیەنن، ئەوەیش بە بەمەرجی وەرگرتنی دوو دۆز ڤاکسینی کۆرۆنا.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button