لە شارێکی ئۆکرانیا لە ماوەی تەنها یەک مانگدا ٥ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە

لڤین:

سەرۆکی شارەوانی ماریۆپۆڵ، ڤادیم بۆیچینکۆ ئاشكرای كرد، لە ماوەی مانگێکی گەمارۆدانی شارەکەدا نزیکەی پێنج ھەزار کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٢١٠یان منداڵن.

بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە شارەوانی ماریۆپۆڵه‌وه‌ بڵاوکراوەتەوە ڤادیم بۆیچینکۆ لەرێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداریی کۆبوونەوەیەکی سەبارەت بە ئەنجامە سیاسی و یاساییەکانی ئەو تاوانانەی کە رووسیا لە ئۆکراینا ئەنجامیداوە، کردووە.

بۆیچینکۆ لە میانی گوتارێکدا لە کۆبوونەوه‌کە ئاماژەی بەوە کردووه‌ کە شاری ماریۆپۆڵ لە ماوەکانی رابردوودا سیمبولی گەشەپێدانی وڵاتەکەی بووە و ئێستا لەلایەن سەربازانی رووسیاوە بە تەواوەتی وێران کراوە.

ئەوەشی خستەڕوو کە زیاتر لە سەدا ٩٠ی ژێرخانی شارەکە وێرانکراوە و رایگه‌یاندووه‌: “لانیکەم لە سەدا ٤٠ی ئەمانە چیتر رزگار ناکرێن”.

سەرۆکی شارەوانی ماریۆپۆڵ جەختی لەوەش کردووه‌تەوە کە دەبێت وڵاتانی ئەورووپا وەڵامی ئەو تاوانانە بدەنەوە کە کراوەتە سەر گەلی ئۆکراینا و گوتی: “بەپێی پێشبینییە سەرەتاییەکان، تەنھا لە ماوەی مانگێکی گەمارۆی ماریۆپۆڵدا نزیکەی پێنج ھەزار کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٢١٠یان منداڵن. یەکە تیرۆریستییەکانی رووسیا بۆ ماوەی چەندین رۆژ بۆردومانێکی سەختی نەخۆشخانەی منداڵانیان کرد. نزیکەی ٥٠ کەس بە زیندوویی سوتێندران. باڵەخانەی شانۆ لە شارەکەدا کە ٩٠٠ کەس خۆیان تێدا حەشاردابوو بۆردومان کرا. ئەمانە تەنھا چەند نموونەیەکن لەسەر لەناوبردنی خەڵکی مەدەنی ماریۆپۆڵ”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button