دانا عەبدولکەریم: رێککەوتنمان بۆ پێکهێنانى حکومەت (50%)ى جێبەجێ نەکراوە

لڤین:

دانا عەبدولکەریم ئەو زانیارییانە رەت دەکاتەوە کە لەلایەن هەندێک میدیایەوە لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوەى تیمى گۆڕان و پارتى بڵاو کراونەتەوە و رایدەگەیەنێت؛ هەردولا سەرنج و تێڕوانینى خۆمان خستەڕو، ئەوەمان خستوەتەڕو کە (50%)ى رێککەوتنەکەمان بۆ پێکهێنانى کابینەى حکومەت جێبەجێ نەکراوە و  ململانێى پارتى و یەکێتیش رەنگدانەوەى خراپى لەسەر کارەکانى وەزیر و وەزارەتى دارایى دروستکردوە و وایکردوە نەتوانێت وەک و دامەزراوەیەکى یەکگرتو بە ئەرکى خۆى هەستێت و لەکاتى پێویستدا داواکارى و پێویستیەکانى خەڵک و دامەزراوەکان پڕبکاتەوە.

دانا عەبدولکەریم وەزیرى ئاوەدانکردنەوە کە بەشدارى کۆبونەوەکەى دوێنێى تیمى حکومیى بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستانى کردوە، لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا کە لە میدیای فەڕمی حیزبەکەی بڵاوکراوەتەوە، ناوەڕۆکى کۆبونەوەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت: کۆبونەوەکە لەسەر دو بابەتى سەرەکى بو، یەکەم هەڵسەنگاندنى ئەو رێککەوتنەى لە نێوان پارتى دیموکراتى کوردستان و بزوتنەوەى گۆڕان ئەنجامدراوە بۆ پێکهێنانى حکومەت چونکە لەسەر ئەو بنەمایە کابینەى نۆیەمى حکومەت پێکهێنراوە، دوەم لەبارەى نیگەرانییەکانى وەزیرى دارایییەوە.

لەبارەى ئەوەى گلەییان هەیە لە ئاستى جێبەجێکردنى رێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان، دانا عەبدولکەریم وتى: بە دڵنیاییەوە، چونکە ئێمە رێککەوتنێکى نوسراومان هەیە بۆ پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم، داواکارین ئەو رێککەوتنەى کراوە جێبەجێ بکرێت کە تائێستا (50%)ى جێبەجێ نەکراوە، پارتی-ش سەرنجى هەیە و بەشێکى جێبەجێنەکردنى رێککەوتنەکەى بەو لایەنە بەستوەتەوە کە هەندێک کارەکتەرى سیاسى رەنگە پابەند نەبوبن یان هەنگاوەکانیان بە جۆرێک لە جۆرەکان دژى حکومەت بوە، لەو روەوە کۆبونەوەکە زۆر بەرپرسیارانە بو، هەردولا سەرنج و تێبنیەکانمان خستەڕو، هاوکات سەرنج و تێبینیەکانى ئەندامانى جڤاتیشمانى گۆڕانمان بۆ ئێمە، گەیاند بە سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران”.

ئاماژەى بەوەشکرد کە بزوتنەوەى گۆڕان مەبەستیەتى ئەو رێککەوتنەى کردومانە بۆ پێکهێنانى حکومەت ببێتە مایەى پاراستنى هەرێمى کوردستان و خزمەتى خەڵکى کوردستان و حکومەت حکومەتێکى کاراى خزمەتگوزار بێت، هەردولاشمان هاوڕابوین لەسەر ئەوە و کۆبونەوەکە بەو ئاڕاستەیە رۆشت کە ئەو بەشەى ماوە لە رێککەوتنى نێوانمان، جێبەجێ بکرێت.

لەبارەى نیگەرانى تیمى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە، وتى: پێکهاتەى بزوتنەوەى گۆڕان جیاوازە لە پارتى دیموکراتى کوردستان و شێوازى کارى حزبیان و تێگەیشتنیان بۆ حیزبایەتى جیاوازە، مەوداى رەخنەگرتن لە بزوتنەوەى گۆڕان فراوانترە و ناتوانین رێ بە رەخنەکان نەدەین، بەڵکو دەبێ رەخنەکان بگیرێن و کاریگەرى لەسەر ئێمە و حکومەت هەبێ بۆ ئەوەى کارى باشتر بکەین، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە بزوتنەوەى گۆڕان بەرپرسیارێتیەکانى خۆى جێبەجێ نەکات، بەڵکو ئێمە کە لە حکومەتین بەو پەڕى تواناوە کارمان کردوە بۆ جێبەجێکردنى ئەو کارنامەیەى لە چوارچێوەى هێڵە گشتیەکانى کابینەکە لە پەرلەمان سوێندمان لەسەر خواردوە و وەک بەڵێن بە خەڵکمان داوە.

لەبارەى تەوەرى دوەمى کۆبونەوکەشەوە، دانا عەبدولکەریم ئەوەى خستەڕو کە وەزیرى دارایى و ئابورى لەم دۆخە ململانێیەى پارتى و یەکێتى نیگەرانە کە رەنگدانەوەى خراپى لەسەر کارەکانى وەزارەتى دارایى دروستکردوە، دەشڵێت: دەبێت راشکاو بین لەوەى هەرێمى کوردستان لەروى داراییەوە دو ئیدارەییە و ئەم ململانێیەش کارێکى کردوە وەزارەتى دارایی نەتوانێت وەک و دامەزراوەیەکى یەکگرتوە بە ئەرکى خۆى هەستێت و بەوەش ئیحراجییەکى زۆر بۆ وەزیرى دارایى دروست دەبێت کە نەتوانێت لەکاتى پێویستدا هەندێک لە داواکارى و پێویستیەکانى خەڵک و دامەزراوەکان پڕبکاتەوە”.

هەروەک پشتیوانى تیمى حکومەتى گۆڕانى بۆ داواکایى و نیگەرانییەکانى وەزیرى دارایى دوپاتکردەوە و دەڵێت: “وەک تیمى حکومەت پشتگیریمان کردوە بەوەى کارێک بکەین شوێنەوارى ئەو ململانێیەى هەیە کەم بکرێتەوە بۆ ئەوەى هەمو ناوچەکانى کوردستان خزمەتگوزارى و ئاسانکارییەکانى حکومەتى وەک یەک پێبگات”.

هەروەک دوپاتى کردەوە؛ هەفتەى داهاتو رەنگە چەند کۆبونەوەیەکى دیکە لەنێوان تیمى هەردولا ئەنجام بدرێت و دوپاتى کردەوە ئەوە ناوەڕۆکى کۆبونەوەکە بوە و “سەرلەبەرى ئەوەى لە چەند میدیایەک بڵاو کراوەتەوە لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەى دوێنێوە درۆیە، مەرج و مەرجکارى بەهیچ شێوەیەک باس نەکراوە، سەرۆکى حکومەت کەسێکى بەرپرسیارە و هەر خۆى شتى وا لەگەڵ تیمى گۆڕان باسناکات، نە گۆڕان ملکەچى ئەجێنداى پارتى دەبێت و نە پارتیش ملکەچى ئەجێنداى گۆڕان دەبێت، ئێمە وەک وەک گۆڕان دەمانەوێت ئەرزیەت و بەرنامەیەکى هاوبەش هەبێت بۆ خزمەتکردنى نیشتیمان و خەڵکى خۆمان، چونکە کە نیشتیمان تێکچو لە هەموان تێکدەچێت”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button