زێلینسكی سمبۆلی رەوایەتی یان ناڕەوایەتی خەباتی گەلان

مامۆستا جەعفەر 

هەڵەیەكی گەورەیە لە گۆشەنیگای روسیاوە سەیری كێشەی ئۆكراینا بەكەین . لە گۆشەنیگای ئەمریكاوە نابێ سەیری خەباتی ئۆكراینا بكەین .من نامەوێ لە روانگەی راگەیاندن و سیاسیەكانی ئۆكرایناوە سەیری چارەنووسی ئەو وڵاتە بكەم . گۆشەنیگای زۆربەی
نووسەرانی كوردیشم لا پەسەند نییە.
روسیا پێوابوو بەشەڕێكی ٧٢ سەعاتی كورت خایەن ،
ئەوەی ئەڵمان پێیدەڵێت : بروسكە شەڕ Blitzkrieg
سەرانسەری ئۆكراینا داگیر دەكات و حكومەت
دەڕوخێنێت.
ئەمریكاش پێێیوابوو : ئۆكراینیەكان بۆ ماوەی تەنیا ٩٠ سەعات دەتوانن بەرگری لە خۆیان بكەن . جۆ بایدن فەرمووی: دوعای خێر بۆ گەلی ئۆكراینی بكەن .
گەلی ئۆكراینی داوای بەرگری بەرانبەر سوپای داگیركەر دەكرد.چونكە ئەوان ئەزموون و مێژووی دوور و درێژی پەلامار و داگیركاریان لە بەر چاو بوو..
پاژێك لە نووسەرانی كورد پێیانوابوو: زێلینسكی پیاوێكی (گەمژە ) و (گێل ) و ئەكتەرێكی كۆمیدی و نەزانە. گوایە: شەڕەكە دەدۆڕێنێت و حەیای گەلی ئۆكراینیش دەبات.
راستە سوپای داگیركەری روسی زۆربەی شارەكانی وێران كرد. هەرچەند پووتین دەیان جار رایگەیاند : ئەوان تەنیا لە بنكە سەربازییەكان دەكەنە ئامانج و هەقیان بەسەر خەڵكی مەدەنییەوە نییە! ئەوەش هەر راستە بەملیۆن ژن و مناڵی ئۆكراینی ئاوارە و سەرگەردانی وڵاتان بوون. بەڵام ئەگەر دراوسێیەكی زلهێز داگیرت بكات ئەوە شكاندنی شكۆ و ئازادی و مێژووی گەلێك نییە؟
ئەو نووسەرە كوردانە ، كە ئاگرە سوورە دوو هەزار كیلۆمەتر لێیانەوە دوورە ، داوایان دەكرد ، زێلینسكی ئاڵای سپی خۆبەدەستەوەدان بەرز بكاتەوە .خوا خۆی روحمی كردو زێلینسكی بە قسەی ئەو نووسەرانەی نەكرد و لە ناو سەنگەرەكانی كیێڤدا مایەوە و سوپای روسیا ، لە زۆربەی بەرەكانی شەڕدا ، ناچار كرا
پاشەكشە بكات.
نووسەرو رووناكبیرانی كورد دەزانن: خۆبەدەستەوەدان ، هەڵاتن و خۆچەماندنەوە بەرانبەر سوپای داگیركەر ، چەند گران و زەحمەتە . ئێستا لەبری ئەوەی پەند و وانەی زێڕین لە ئەزموونی گەلی ئۆكراینی وەربگیرێت ، بە ئەقڵی خۆیان دەیانەوێت گاڵتە بە عەقڵی سەركردەكانی ئۆكراینی بكەن : چۆن رووبەڕووی
سوپای روسیا بۆتەوە؟
پاش پتر لە چل رۆژ بەرەنگاری : گەلی ئۆكراینی ئەوەندە ئازا و ورەی بەرز و ئامادەكراوی بەرگری بوو ، لووتی سوپای داگیركەری شكاند .
ئێستا سەرۆك زێلینسكی ، لە سەرانسەری جیهاندا ، بە گەورەترین سمبۆلی بەرگری دژی داگیركەر وپارێزگاری ئازادی و سەربەخۆیی دادەنرێت . حەیفە ئەم ئەفسانەی گەورەیەی سەدەی بیست و یەكە ، ئەمساڵ یان ساڵی داهاتوو خەڵاتی نۆبلی پێنەبەخشرێت . حەیفە سەدان شەقام و گۆڕەپان و باخچەی شارەكانی كوردستان ناوی زێلینسكی لێ نەنرێت!

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button