فراکسیۆنی نەوەی نوێ: لە ئێستادا پەرلەمان بە سوڕی متبووندا تێپەڕدەبێت

لڤین:

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تەنها راگەیاندنی ماوە، ئەگینا دەرگای پەرلەمان داخراوە. دەشڵێت، “بەهۆی ناکۆکی سیاسی نێوان پارتی و یەکێتی خەریکن پەرلەمان پەکدەخەن”.

ئەمڕۆ سێشەممە، کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان بە میدیای حیزبەکەی راگەیاند، لە ئێستادا هەست بە کۆمەڵێک نیشانەی مەترسیدار دەکرێت بەشێک لە یەکێتی و پارتی بەهۆی ناکۆکی سیاسی خۆیانەوە خەریکن پەرلەمان پەکدەخەن.

وتیشی، تەنها راگەیاندنی ماوە، ئەگینا بە ناراستەوخۆ دەرگای پەرلەمان داخراوە و لە ئێستادا بە سوڕی متبووندا تێپەڕدەبێت.

ئاماژەی بەوەشدا، لە رێکەوتی ٢ی ٣ی ٢٠٢٢ پەرلەمانی کوردستان کۆنەبووەتەوە کە دەبوایە چەندین دانیشتنی ساز بکردایە. هەربۆیە جەخت دەکەینەوە بە زوترین کات دانیشتن و کۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن بخرێتە بەرنامەی کارەوە.

لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئاشکرای کرد، رای فەرمی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئەوەیە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت و بە هیچ بەهانە و شێوەیەک دوا نەخرێت.

دەشڵێت، “لە ئێستادا کێشەی کۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش پرۆژەیەکمان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان پێشەکەش کردووە و دەمێکە داوامان کردووە کۆمسیۆنی سەربەخۆ پێکبهێنرێت”.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم ١ی ١٠ی ٢٠٢٢ی وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد و هەموو لایەنەکان لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن لە وادەی خۆی ئەنجام بدرێت، بەڵام یەکێتی و پارتی کە سەرۆکایەتی پەرلەمانیان لەدەستدایە هەنگاوە پێویستەکانی وەک پێکهێنانی کۆمسیۆنێکی نوێی سەربەخۆ و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژرادنی نەناوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button