دین و دونیا

ئارام قادر حەمە سور
عادەت یان عیبادەت؟
ڕۆژێک مەجنوون بەدوای لەیلادا دەگەڕا، زۆر خەمی بوو بیدۆزێتەوە. بەبەردەمی کەسێکدا ڕۆیشت کە نوێژی دەکرد، بەڵام مەجنوون نوێژکەرەکەی نەبینی، دواتر لەیلای نەدۆزییەوە و گەڕایەوە. نوێژکەرەکە بانگی مەجنوونی کرد و لێی توڕە بوو کە بۆچی بەبەردەمی داھاتووە و نوێژەکەی بەتاڵکردووە؟ مەجنون گوتی: تۆ نوێژت نەکردووە من بەدوای مرۆڤێکدا دەگەڕام تۆم نەبینی چۆن تۆ لە گەڵ خودا قسەت دەکرد ئاگات لە من بوو؟
کاتێک شەمس دەویست بگات بە مەولانە، لە شارێک ڕێی کەوتە مزگەوتێک، هەرایەک درووست بوو لە ناو مزگەوت، گوایە ژنێک بە جلی پیاوانەوە هاتۆتە ناو مزگەوت و ئەمەش شوورەییە. شەمس چووە پێشەوە و داوای کرد هێواش بن و لەم ژنە نەدەن. ئەوانیش هاواریان دەکرد چۆن دەبێت ژن بێتە ناو مزگەوت؟ شەمس گوتی؛ ئێوە چۆن لە ناو ماڵی خودا ئاگاتان لە خوا نەماو و خوداتان بیرچۆتەوە بەڵام بیرتان لای ئەم ژنە بووە کە جلی پیاوانی لە بەر کردووە. دیارە بەتەواوی بیرتان لای خودا نەبووە.
بەشێکی دینداران ئەوانەی ڕۆژانە نوێژەکانیان دەکەن لە مزگەوت عیبادەتەکانیان زیاتر عادەتە، واتا بێھەستن، تەنیا وەک چالاکییەکی کۆمەڵایەتی دەیبینن، بەتاڵن لە چێژی ڕووحی. وەک خەواندنە موگناتیسییەکەی عەلی وەردی وایە کە دەوروبەر عیبادەتی پێدەکات و بۆ دەوروبەری دەیکات، واتا بۆ عادەتە و بەتاڵە لە چێژی روحیی، ئەخلاقیی زیاد ناکات و لە بەر جیرانەکەی دەچێتە جەماعەت؟!
بەرخۆریی دین
بۆیە دەبینین نوێژکەرێک پێنج فەرزە لە مزگەوتە، بەڵام سێ ژەمە نانی حەڕام دەخوات، ئامادەیە حەوت سەعات بەزمانە درێژە بێ فیکرەکەی بەرگریی لە ستەمکار بکات. ئامادەیە سێ سەعات لە سەرەی بەنزین بوەستێت، یان دوو ڕۆژ خەریکی فیستیڤاڵی خێڵ وعەشیرەت بێت، بەڵام ئامادە نییە نیوسەعات بێتە شەقام و داوای حەقی خۆی بکات یان کاتێ وتاربێژ نیوسەعات وتار دەدات دەڵێ وتاری ملا زۆر درێژە.
دەبینین بەشێکیی دینیش بۆتە کەمالیات و بەرخۆری، مزگەوت پێویست نییە لە شوێنێک بەڵام ھەزاران دەفتەر دۆلاری لێسەرف دەکرێت، لە کاتێکدا نەخۆشخانە و خوێندنگاش ھیچیان لە مزگەوت کەمتر نیە بۆ مرۆڤ. چونکە دین بۆ خزمەتی مرۆڤە، مرۆڤیش گەورەترە لە دین. عومرە دەکات بۆ خەڵک نەک خودا، لە کاتێکدا دەچێتە سعوودییە بۆ خودا بەڵام لێرە ئامادە نییە هاوکاری هەژاران بکات بۆخودا.
وەک هابرماس دەڵێت؛ مۆدێرنە دەبێت ڕێکبخرێتەوە و لە پاڵ تەکنۆلۆژییادا هۆکارە ڕووحییەکان بوونی هەبێت. چونکە وەک کۆمەڵناس پیتەر بێرگەر دەڵێت؛ هیچ سەدەیەک بەقەد ئەم سەدەیە دینیی نەبووە، سەدەی بیست و یەک سەدەی دینە.