پەرلەمانتارێکی گۆڕان: قوتى خەڵک تێکەڵ بە ململانێى سیاسی نێوان یەکێتى و پارتى کراوە

لڤین:

پەرلەمانتارێکى کوردستان رایدەگەیەنێت؛ بە واقیعێکى دو ئیدارەیى لە مەسەلەى داهات مامەڵە دەکرێت و دەڵێت”کێشەکە لە داهاتى ناوخۆ و بەشى خەرجییە لە داهاتى نەوت کە ئەو دوانەش یەکێتى و پارتى بڕیارى لێدەدەن و لە هەمو ناکۆکییەکى سیاسى نێوانیاندا کێشە دروست دەکرێت، بەڵام تێکەڵکردنى قوتى خەڵک بە ململانێى سیاسی نێوان یەکێتى و پارتى دیاردەیەکى ناشرینە و ناکرێت تا سەر خەڵکى کوردستان قبوڵى بکات، ئەنجومەنى وەزیرانیش بەرپرسە لەوەى داهاتە نەوتى و نا نەوتییەکان لە دەستى لیژنە لاوەکییەکان دەربهێنێت”.

بەڵین ئیسماعیل، ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان لە لیژنەى دارایى پەرلەمانى کوردستان لەبارەى هۆکارەکانى دابەشنەکردنى موچەوە داوا لە دیوانى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران دەکات هەمو گرفتەکانى پەیوەست بە داهات و نەگەڕانەوەى و هۆکارى دابەشنەکردنى موچە بۆ خەلکى کوردستان ئاشکرا بکات و دەڵێت: ئەم حکومەتە کە بنەماى کارەکەى بریتیە لە شەفافیەت، ئیستا کە موچە دوا دەکەوێت، پێویستە رێگرى و کۆسپ و هۆکارەکانى دواکەوتن و نەدانى موچە ئاشکرا بکات.

لەبارەى هۆکارى دۆخەکەشەوە ئەندامەکەى لیژنەى دارایى ئاماژە بەوە دەکات؛ پڕۆسەى داهات لە هەرێمى کوردستان بەشێکى نەوتیە و بەشێکى نا نەوتییە، ئەوەى نەوتییە موڵکى هیچ پارێزگایەک نییە و موڵکى هەمو هەرێمى کوردستانە ئەوەى کە نانەوتییە لە سنورى پارێزگاکان کۆ دەکرێتەوە و بەشێوەیەکى جیاواز مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت، “بەڵام هەرێمى کوردستان بە واقیعێکى دو ئیدارەیى لە مەسەلەى داهات مامەڵە دەکات وەک چۆن لە مەسەلەى چەک و هێزە چەکدارەکان مامەڵە دەکات”.

ئەو پەرلەمانتارە جەخت دەکاتەوە لەوەى یەک دینار لە داهاتى ناوخۆ لە پارێزگایەکى هەرێمى کوردستانەوە بۆ پارێزگایەکى دیکە مامەڵەى پێوە نەکراوە، ئەوەى هەیە داهاتى نەوتە کە ئەویش موڵکى هەمو خەڵکى کوردستانە، دەشڵێت: “کێشە لە داهاتى ئەم وڵاتە لە دو شوێنە؛ یەکەم/ داهاتى ناوخۆ ، دوەمیان/ لە بەشى خەرجییە لە داهاتى نەوت کۆمیتەیەک هەیە بۆ بڕیاردان لەم بەشە بەناوى حکومەتەوە کە ئەندامەکانى ئەندامى یەکێتى و پارتى-ن و ئەم بەشە ناشەفاف و ناڕونە، لیژنەیەکى بچوکتریش هەیە لەنێوان یەکێتى و پارتى دواى ئەوەى داهاتى نەوت دێتەوە ئەمان بڕیار لە دابەشکردنى دەدەن کە چەندى بۆ سلێمانى و چەندى بۆ هەولێر و دهۆکە و باقیەکەى بۆ موچە دەبێت لە داهاتى ناوخۆ پڕ بکرێتەوە”.

بەڵێن ئیسماعیل ئەوەدەخاتەڕو؛ لە هەمو ناکۆکییەکى سیاسى لە نێوان پارتى و یەکێتى کێشە بۆ داهاتەکان بەتایبەتى داهاتى ناوخۆ دروست دەکرێت، بەڵام باس لەوەش دەکات کە تێکەڵکردنى قوتى خەڵک بە ململانێى سیاسی نێوان یەکێتى و پارتى دیاردەیەکى ناشرینە و ناکرێت تا سەر خەڵکى کوردستان قبوڵى بکات، ئەنجومەنى وەزیرانیش بەرپرسە لەوەى داهاتە نەوتى و نا نەوتییەکان لە دەستى لیژنە لاوەکییەکان دەربهێنێت و لە کۆبونەوەى هەفتانەى چوارشەممان بڕیار لە کۆکردنەوە و دواتر دابەشکردنى بۆ موچە و خەرجى وەزارەت و فەرمانگە و پڕۆژەکان بدرێت و پڕۆسەیەکى شەفاف بێت

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button