پێنج کەس بە هۆی تەقەکردن لە سەیرانگاکاندا دەستگیرکران

لڤین:
پۆلیسی سلێمانی، دەستگیركردنی پێنج کەسی بە تۆمەتی تەقەكردن راگەیاند، كە دوانیان ئافرەتن و بەرەگەز عەرەبن.
بەپێی راگەیەندراوێكی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، تۆمەتبارێك بەناوی (ش.ن.ع) بەتۆمەتی تەقەكردن لە یەكێك لە سەیرانگاكانی سنووری قەزای قەرەداغ، لەلایەن مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی قەرەداغەوە دەستگیركراو دەستبەسەر ئەو چەكێكی جۆری كڵاشینكۆف دا گیرا.
پۆلیس ئاماژەی بەوەشکردووە، لەچالاكییەكی تردا دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەك لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە چوار تۆمەتبار لە هاوینەهەواری دووكان تەقە دەكەن، هەرچوار تۆمەتبارەكە، كە دوانیان ئافرەتن و بەرەگەز عەرەبن بەناوەكانی (ن.هـ.ع) لەدایكبووی 2002، (خ.أ.ج) لەدایكبووی 1991، دوو تۆمەتبارەكەی دیكەش كوردن بەناوەكانی (ك.ك.س) لەدایكبووی 1993، (ج.أ.س) لەدایكبووی 1989، لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرچنارەوە دەستگیركران و دەستیش گیرا بەسەر چەكێك لەجۆری كڵاشینكۆف كە بەتۆمەتباران بووە.