کازمی: ئەو هێزەی ئەرکی پاراستنی بارەگاکەی پارتی لەسەر بووە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت

لڤین:
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەکاتی سووتاندنی بارەگای لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغداد، ئەو هێزەی بەرپرسە لە پاراستنی بارەگاکە “سەیری رووداوەکەی کردووە، ئەوە قبووڵکراو نییە و لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت”.
مستەفا کازمی، لەمیانی سەردانێکیدا بۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وەزارەتە رایگەیاند، “ئەوەی هەفتەی رابردوو روویدا لە سووتاندنی بارەگایەکی حیزبی لە کاتێکدا ئەو هێزەی بەرپرس بوو لە ئەرکی پاراستنی، تەماشاکار بووە. کارێکی قبووڵکراو نییە و رووبەڕووی لێپرسینەوە دەکرێتەوە، لە هەمان کاتیشدا پێویستە لەسەر بازنەکانی بەرپرس بە شێوەیەکی دروست لەگەڵ زانیارییەکاندا مامەڵە بکەن”.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەشدا “پێویستە کەلێنەکە دیاری بکەین و شەرمی لێنەکەین لە ئاشکراکردن و چارەکردنی، وەکو چۆن مرۆڤی نەخۆش دەچێتە لای پزیشک بۆ چارەسەری، لە بهەمان کاتدا دامەزراوە و دەزگاکانمان پێویستی بەوەیە بە ئەرکەکانی خۆیان هەڵبستن و لێپرسینەوە و سزادانی هەر کەموکورتییەک هەبێت”.
جەختی لەوەکردەوە “میللەتەکەمان دوای ساڵی 2003 چاوەڕوانی سەردەمێکی نوێی دەکرد لەسەر سەقامگیریی ئەمنی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بونیادبنرێت، بەڵام بارودۆخە ناوخۆیی و دەرەکییەکان وایانکرد عێراق بە قۆناغی لەدەستدانی وزە مرۆیی و ئابوورییەکانی تێپەڕبێت”