بایدن: پوتین ژماره‌یه‌ك له‌ راوێژکاره‌كانی لە ماڵەکانیان دەستبەسەری کردوون

لڤین:

سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ئاشكرایكرد، چەند ئاماژەیەک لەسەر ئەوەی کە سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین بەھۆی پێدانی زانیاری ھەڵە سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا چەند راوێژکارێکی دەرکردووە یان لە ماڵه‌كانیاندا دەستبەسەری کردوون ھەیە، بەڵام بەڵگەی یەکلاکەرەوە لەسەر ئەم پرسە نییە.

بایدن سەبارەت بە ھەواڵەکانی بە ھەڵە ئاراستە کردنی پوتین لە جەنگی ئۆکرانیا و بەھۆیەوە درووستبوونی گرژی لە نێوان ناوبراو و بەرپرسە سەربازییەکانی رووسیادا، گوتی: “خوێندنەوەی زۆر بۆ ئەو بابەتە دەکرێت. بەڵام سه‌ره‌ڕای پشتڕاستنه‌كردنه‌وه‌ی، نیشانەی ئەوەی کە پوتین خۆی دوورە پەرێز کردووە و چەند راوێژکارێکی دەرکردووە یان لە ماڵەکانیان دەستبەسەری کردوون، ھەیە”.

ئاماژەی بەوەش کرد کە تا بەڵگەی تەواوەتی لە ژێر دەستیان نەبێت لێدوانی زیاتر لەسەر ئەو بابەتە نادات.

لەلایەکی دیکەوە، سه‌رۆكی ئه‌مریكا لە وەڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ی “ئایا ھیچ ئاماژەیەک سه‌باره‌ت به‌وه‌ی کە پوتین ھەندێک ھێزی لە کیێڤ کشاندبێتەوە ده‌بینن؟” گوتی: “لە ئێستادا بەڵگەی یەکلاکەرە سەبارەت بە کشانەوەی تەواوی ھێزەکانی رووسیا لە کیێڤ نییە”.

جۆ بایدن ئاماژەی بەوەش کرد، سه‌رۆكی رووسیا ھێزەکانی لە ناوچەی دۆنباس توندوتۆڵتر کردووە و گوتی: “من لە باره‌ی پوتینه‌وه‌ به‌ گومانم. ناتوانم بڵێم کە تەنھا جەختی لە دۆنباس کردووەتەوە. نازانم تەنھا لە دۆنباس دەمێنێتەوە و لە بەشەکانی دیکەی وڵاتەکە دەکشێتەوە یان نا”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button