دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ: قبوڵی ناكەین هێزێكی سیاسی ئیرادەمان بشكێنێ

لڤین:
کارگیڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕایگەیاند، لەسەرەتاوە بڕوامان بە یەكڕیزی هێزە سیاسییەكان هەبووە، بەڵام ئەگەر هێزێكی سیاسی بیەوێت ئیرادەمان بشكێنێ، قبوڵی ناكەین.
دەرباز كۆسرەت رەسوڵ لە دیداری یەكێتیدا لە شاری هەولێر ڕایگەیاند: لەسەرەتاوە بڕوامان بە یەكڕیزی هێزە سیاسییەكان هەبووە، بەڵام ئەگەر هێزێكی سیاسی بیەوێت ئیرادەمان بشكێنێ، قبوڵی ناكەین.
کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وتیشی: ێستا یەكێتی كارەكتەرێكی سەرەكییە لە پرۆسەی سیاسی عێراق. هەرگیز پۆست لای یەكێتی گرنگ نەبووە، مەسەلە جەوهەرییەكانی تر لای ئێمە گرنگ بووە، بەتایبەتی كەركوك، قەت سازش لەسەر كەركوك ناكەینو بەشێكی سەرەكی گفتوگۆكانمان بووە لە بەغداد.
ئاماژەی بەوەشکرد، چون ئێمە قبوڵ ناكەین كەس ئیرادەمان بشكێنێ، نامانەوێت ئیرادەی كەس بشكێت. بەگرنگی دەزانین چوار ساڵ جارێك لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردن بكرێت، بەڵام مەرجی ئێمە وەكو یەكێتی، هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنە، ئەوەش پێویستی بە سازان هەیە، ناكرێت ئیرادەی هێزێك فەرزبكرێت بەسەر زۆرینەدا، یاسای هەڵبژاردن بۆ رۆژێكو جارێكو دوو جار نییە.
ئاشکراشیکرد: لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ تیمی خۆمان لە حكومەت چەند كۆبونەوەیەكمان لەبارەی دۆخی ئابوری هەرێمی كوردستان کرد، لە چەند رۆژی داهاتوودا كۆبونەوەكان بەردەوام دەبن و ئەنجامی ئەو كۆبونەوانەش ئاشكرا دەبن.