لە کازاخستان ژنێکی کورد کوژرا

گروپێکی نەژادپەرستی کازاخستانی هێرشیان کردە سەر گوندی کوردی سۆڤێتسکۆ لە پارێزگای تورکستانی کازاخستان و لە هێرشەکەیاندا ژنێکی کوردیان بە ناوی ڕۆستامۆڤا خانم کۆچەری تەمەن ٦٦ ساڵ بە زیندویی ئاگر تێبەردا و کوشتیان.

بەگوێرەی “هەواڵێکی ئاژانسی فورات” هێرشێکی نەژاپەرستانە کرایە سەر بنەماڵەیەکی کورد لە گوندی سۆڤێتسکۆی ناوچەی سایرامی پارێزگای تورکستان لە کازاخستان. ئەو گروپە نەژادپەرستە لە هێرشەکەیاندا بۆ سەر ئەو بنەماڵە کوردە، ئاگریان لە ژنێکی تەمەن ٦٦ ساڵ بە ناوی ڕۆستامۆڤا خانم کۆچەر بەردا.

ڕۆستامۆڤا لەلایەن بنەماڵەکەیەوە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی هاووڵاتییانی گوندی سۆڤێتسکۆ بڵاویانکردووەتەوە، لەدوای جەنگی سۆڤیەت کوردانی باکوری کوردستان کۆچبەربوون و لەو گوندەدا نیشتەجێ بوون و لەبەر ئەوەش گوندەکە ناوی سۆڤێتسکۆیە.

ئەو کوردە کۆچبەرانە هەمیشە لەلایەن گەلانی کازاخستانەوە هێرشی نەژادپەرستانەیان کراوەتەسەر.

ماوەیەکی کەم لەوە پێش هەم لە میدیای دیجیتاڵ و هەم بە شێوەی فیزیکی هێرشی نەژادپەرستانە کرایە سەر کوردانی ئەو گوندە.

لەم دوایین هێرشی نەژادپەرستیدا، لە ٢٥ی ئازاردا کۆمەڵێک کەسی نەژادپەرست هێرشیان کردە سەر ماڵی ڕۆستامۆڤا خانم کۆچەر.

بەپێی زانیارییەکان، هەر کە ڕۆستامۆڤا خانم کۆچەر دەرگا دەکاتەوە بەنزینی پێدا دەکەن و ئاگری تێبەردەدەن و بەو هۆیەوە لە ئەنجامی ئەو هێرشە نەژادپەرستی و ئاگرتێبەردانەدا گیان لە دەست دەدات.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button