كۆمپانیایه‌كی ئیسپانی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری هه‌رێم دروستده‌كات

لڤین:

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان  ڕایگەیاند، پڕۆژەی ھێڵی ئاسنین لە کردنەوەی تەندەر بۆ دیراسەکردنی پڕۆژەکە بۆ کۆمپانیایەکی ئیسپانی دەرچووە و لەم دوو ڕۆژە گرێبەستی لەگەڵ ئیمزا دەکەین کە دیراسەکەی ئامادەکرد، دواتر دەست بە دروستکردنی ھێڵی ئاسنین لە ھەرێم دەکرێت لەڕووی کرداریەوە.

ئاگرین عەبدوڵلا، بە میدیای پارتی ڕاگەیاند : “دوای کردنەوەی تەندەری دیراسەکردنی دروستکردنی ھێڵی ئاسنین لە ھەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیایەکی ئیسپانی دەرچووە، کە لەسەر ئاستی جیھان بەناوبانگە و لە زۆر وڵات کاری کردووە و لەم دوو ڕۆژە گرێبەستی لەگەڵ ئیمزا دەکەین و دواتر دەست بەکار دەبن، کە ماوەی نۆ مانگی پێویستە دیراسەکە بەپێی ئەو پرۆپۆزەڵەی ئێمە پێمانداوە تەواوی بکات”.

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: “ئەو کۆمپانیایە باس لە ھەموو وردەکاریەکان دەکات کە بەھای ئابووری چۆنە و قازانجی چیە بۆ ئەوەی دروستی دەکات و چۆن دروست بکرێت و لە کوێ بڕوات و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا و ژینگە چی دەبێت، بۆیە وردەکاری تەواومان پێ دەدات”.

نابراو وتیشی: “دوای تەواوبوونی دیراسەکە بەدوای وەبەرھێنەر دەگەرێین، کە بەپێی ئەو دیراسەی ئامادە دەکرێت کاری لەسەر بکات بەشێوەی کرداری، کە ٩١٢ کم دەبێت و ٢ ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار دۆلاری تێچوو دەبێت و لە زاخۆ تا سلێمانی و گەرمیان دەبێت و لقی لێدەبێتەوە بۆ ھەڵەبجە و ڕانیە و حاجی ئۆمەران و بەرواری باڵا و شوێنەکانی دیکە، کە پڕۆژەکە بەسێ قۆناغ تەواو دەکرێت”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button