پەرلەمانی کوردستان دوا وادەی بۆ فراکسیۆنەکان دیاریکرد

لڤین:

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ڕۆژی چوارشەممە کۆتا وادەی فراکسیۆنەکانە بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژە لەبارەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەوە دەشڵێت: تا ئێستا ھیچ فراکسیۆنێک پڕۆژەی پێشكەش نەكردووە.

ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ 29 ی ئاداری 2022 مونا قەھوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پێشكەشكردنی پرۆژە یاساوە بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن،  ڕایگەیاند، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆتا کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمانی کوردستان ئەنجامداوە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە و پێمان ڕاگەیاندوون ھەر فراکسیۆنێک داوای ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن دەکات ئەوە پێویستە تا ٣٠ی ئەم مانگە پڕۆژەی ھەبێت و پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی بکات.

ئاماژی به‌وه‌وه‌ش كردووه‌ تا ئێستا ھیچ فراکسیۆنێک پڕۆژەی پێشکەش نەکردووە، ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت ئەگەر تا ٣٠ی ئادار پڕۆژە نەبێت بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن کۆمسیۆن خۆی وەڵامی داوەتەوە دوای ١ی نیسان ناتوانێت ئامادەکاری ھەڵبژاردن بکات.

باسی لەوەشكرد، نیەتێکی جدی ھەیە بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن، بەڵام ھیچ پڕۆژەیەکیش نەھاتووە بۆ ھەموارەکە و وتی: ئێمە فڕاکسیۆنەکانمان سەرپشکردووە، یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بە یەک پاکێج بێت یانیش بەجیا، دیارنیە کەی کۆبوونەوەی پەرلەمانیش بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەدەچێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button