پەرلەمانتارێکی یەکێتی: كەس نازانێت داهاتی ئیبراهیم خەلیل چەندە

لڤین:

پەرلەمانتارێكی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت: داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 934 ملیار دینارە و كەسیش ئاگاداری داهاتی ئیبراهیم خەلیل نییە و بە ئەنقەست مووچە دابەش ناكرێت.

لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا كاروان گەزنەیی ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند: بە وتەی حكومەت ڕۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێم بەرهەمدەهێنرێت و داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم زیاتر لە 934 ملیار دینارەو وداهاتی ناوخۆیی هەرێم زیاتر لە 300 ملیار دینارە و حكومەت دەتوانێت بە زیادەوە مووچە دابەشبكات. هیچ كەس تەنانەت وەزیری داراییش ئاگاداری داهاتی ئیبراهیم خەلیل نییە و داهاتی زۆرێك لە مەرزەكان دەچێتە گیرفانی حزبەوە.

كاروان گەزنەیی ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان وتیشی: داهاتی هەرێمی كورستان زۆر زۆرە و لێرە و لەوێ، لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستانیش بەرپرچمان دەدرایەوە كە ئێمە تەنها دەمانەوێت ژمارەكان بشێوێنین، بەڵام دوێنێ لە زاری سەرۆكی حكومەتی كوردستانەوە بیستمان كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 500 هەزار بەرمیل بەرهەمدەهێنێت، مانگانە هەرێمی كوردستان 15 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، 470 هەزار بەرمیل ڕۆژانە تەسویق دەكات، كە 51 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار داهاتی نەوتی كوردستانە، ئەگەر بێتو بەقسەی خۆیان 41% داهاتی نەوتی كوردستان بۆ حكومەتی كوردستان بمێنێتەوە دەگاتە 21 ملیۆن و 197 هەزار دۆلار لە یەك ڕۆژدا، واتە مانگانە 635 ملیۆن و 900 هەزار دۆلار داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستانە، ئەمە بكەینە دینار دەكاتە 934 ملیار و 787 ملیۆن دینار، ئەمە لەكاتێكدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تەنها 900 ملیار دینارە و هیچ ڕێگرییەك نییە و دەكرێت هەر 30 ڕۆژ جارێك مووچە دابەشبكرێت.

كاروان گەزنەیی ڕاشیگەیاند: 20 خاڵی گومركی ناحكومیی هەیە كە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و داهاتەكەی بۆ حكومەت ناگەڕێتەوە ، نامەیەكم ئاڕاستەی وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە سەبارەت بەوەی چەند دەروازە سنووری لە هەرێمی كوردستان هەیە كە چەندیان حكومی و چەندیان ناحكومین، دانی بەوەداناوە كە 5 دەروازەی ڕەسمی لە هەرێمی كوردستان هەیە ونزیكەی 20 دەروازەی ناڕەسمی هەیە كە لەدەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە شەخس و بنەماڵە و گروپ سوودی لێ دەبینن وەك دەروازەی وەلید، دەروازە لە سیدەكان هەیە كە شەو ڕۆژ مەڕ و ماڵاتی لێ داخڵ دەكرێت و پارەكەی بۆ گیرفانی چەند كەسێكە و پارەكەی بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێم ناگەڕێتەوە.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان ڕاشیگەیاند: ڕۆژانە 25 هەزار بەرمیل نەوت لە سوریاوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت و بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان كەس نازانێت چی بەسەر دێت،بەپێی داهاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە زیاتر لەیەك تریلۆن و 200 ملیار دینارە، حكومەت دەتوانێت دەرگای دامەزراندن بكاتەوە و مووچە دابەش بكات و كێشەی پلەبەرزكردنەوە چارەسەر بكات.

وتیشی، دەوترێت كە داهاتی دەروازە سنوورییەكان ناگەڕێتەوە، ئەمە ڕاستە، تەحەدای وەزیری دارایی و تەنانەت وەزارەتی داراییش دەكەم كە بزانن داهاتی ڕۆژانەی ئیبراهیم خەلیل چەندە، ئێستا بۆ حاجی ئۆمەرانیشیان ئەمەيان كردووە و لەچەند ڕۆژی ڕابردوو وتیان مەتعەمی حاجی ئۆمەران گڕی گرتووە و داتاكانی سووتاوە بۆ ئەوەی داهاتەكەی دیزە بە دەرخۆنە بكەن بۆ ئەوەی بڵێن داهاتەكەی دیار نییە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button