چوارچێوەی هەماهەنگی: داوا دەکات هەڕەشە لە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان نەکرێت

لڤین:
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان داوا دەکات هەڕەشە لەو پەرلەمانتارە سەربەخۆیانە نەکرێت کە بەشداری دانیشتنی ڕۆژی شەممەی پەرلەمان نەبوون و داوا دەکات حکومەت ئاسایشیان بۆدابین بکات.
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵیت، ئەو شێوازە ترساندن و هەڕەشەیە ڕەتدەکاتەوە کە لەلایەن دەزگا ناسراو و نەناسراوەکانەوە کراوەتە سەر نوێنەرە سەربەخۆکان کە بڕیاری سیاسی خۆیان داوە بۆ ئەوەی بەشداری لە دانیشتنی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو نەکەن.
دەشڵێت: ئێمە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە ئیدانەی ئەو شێوازانە دەکەین و ئەو کارانەش زەوتکردنی ئازادی ڕادەربڕینن کە ئەمەش پێشێلکارییەکی یاساییە کە بەپێی یاسای عێراق سزایان بۆ دانراوە.
چوارچێوەکە وتوشیەتی، ئێستا ئەم شێوازە هەرزانانە ئاشکراکراون و کاریگەری لەسەر ورە و ئیرادەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران نابێت، داوا لە حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان دەکەن کە پارێزگاری لە نەوینەرە سەربەخۆکان بکەن.