کەسوکاری زیندانیەکەی سلێمانی: وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی دەیەوێت کەیسەکە بەلاڕێدا بەرێت

لڤین:
کەسوکاری ئەو زیندانییەی لە سەرەتای ئەمساڵ لە زیندانی چاکسازی گەورانی سلێمانی گیانی لەدەستدا ڕایانگەیاند، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی دەیەوێت کەیسی کوڕەکەیان بەلاڕێدا ببات.
کەسوکاری هەرێم محەمەد، ئەو گەنجەی لە سەرەتای ئەمساڵ لە زیندانی چاکسازی گەورانی سلێمانی گیانی لەدەستدا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند “جەستەی کوڕەکەمان شوێنەواری ئازار و ئەشکەنجەی زۆری پێوەدیارە و بەشێک لە جەستەی شکێنراوە و لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە”.
کەسوکاری ئەو گەنجە ڕاشیان گەیاند “سوپاسی دەزگا ئەمنییەکان دەکەین کە ئەو ئەفسەرەیان دەستگیرکردووە کە گومانلێکراوە لە ڕووداوەکەدا، بەڵام وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دەیەوێت کەیسەکە بەلاڕێدا ببات”.
ئاماژە بەوەشدەکەن “وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی خزمی ئەو کەسەیە کە بکوژی کوڕەکەمانە، بۆیە هەرکەسێک بیەوێت ئەو کەیسە بەلاڕێدا ببات ئێمە حسابی بکوژەکەی بۆ دەکەین.”
هاوکات برای سزادراوەکە لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا وتی، ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەری دەڵێت سزادراو خۆی کوشتووە، بەڵام ئاسەواری ئەشكەنجەشی پێوەیە.
لە رۆژی 6-1-2022، لە زیندانی چاكسازیی گەورانی سلێمانی زیندانیەك بەناوی هەرێم محەمەد گیانی لەدەستدا و دواتر لەسەر سكاڵای كەسوكاری زیندانییەکە، یادگار ئیبراهیم، بەرپرسی حەرەكاتی زیندانی چاكسازیی سلێمانی دەستگیرکرا.