نەوەی نوێ: گرەنتی جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان دراوە

لڤین:

فراکسیۆنی هاوپەیمانی لە پێناو خەڵک، بەشداریکردنیان لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەبەستنەوە بە واژوویەکی سەدر لەسەر ئەو داواکارییە ١٧ خاڵییەی کە پێشکەشیان کردووە و دەڵێن “ئەگەر واژوو نەکرێت ناچێنە کۆبوونەوەکەوە”.

گوتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، رێبوار ئەوڕەحمان لە لێدوانێکی بۆ “ئاژانسی ئانادۆڵ: رایگەیاند “ئێمە ١٧ خاڵمان پێشکەشکردووە بە سەدرییەکان، داوامان کردووە ئەو ١٧ خاڵە جێبەجێ بکەن کە هەمووی لە بەرژەوەندی خەڵکدایە، بەڵام پێدەچێت جێبەجێکردنی ئەوە بۆ ئەوان قورس بێت، ئێمەش داوای جێبەجێکردنی دەکەین، چونکە هەتاوەکو جێبەجێ نەکرێت بڕیار لەسەر ئەوە نادەین بچینە ژوورە، ئێمە هێزێکین خۆمان بڕیار دەدەین و لە پێناو بەرژەوەندی خەڵکدا کاردەکەین، وەک هەندێک هێزی دیکە نین چاوەڕێی ئەوەبین پارتی و یەکێتی رێکبکەون ئینجا بڕۆینە ژوورەوە بۆ کۆبوونەوە، ئێمە خاوەنی بڕیاری خۆمانین و بڕیارەکەش ئەو ١٧ خاڵەیە جێبەجێ بکرێت دەچینە ژوورەوە”.

گوتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەربارەی وەڵامی سەدرییەکان بۆ داواکارییەکانیان گوتی “بە زارەکی گرەنتی جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان دراوە بەڵام چاوەڕێ دەکەین واژووی لەسەربکرێت، ئومێدێک هەیە کە واژووی داواکارییە ١٧ خاڵییەکەمان بکرێت”.

رێبوار ئەوڕەحمان راشیگەیاند “ئێمە داواکارییەکەمان پێشکەشکردوون، بەڵام پێدەچێت جێبەجێکردنی کەمێک قورس بێت بۆئەوان، ئومێدەوارین بتوانن جێبەجێی بکەن، بۆئەوەی ئێمەش بتوانین بەشداری کۆبوونەوەکە بکەین، ئێمە لەسەر بنەمای خزمەتکردنی خەڵک بەشداری دەکەین نەک ئەوەی بەرژەوەندییەکی تایبەتمان هەبێت یان وەک هەندێک هێزی دیکە باس لەوە بکەین گۆڕەپانەکە بەجێبهێڵین پارتی و یەکێتی رێکبکەون، ئێمە نەلەبەر خاتری پارتی دەچینە ژوورەوە و نەلەبەر خاتری یەکێتیش ناچینە ژوورەوە، ئەگەر بچین یان نەچین لە پێناو خەڵکدایە”.

گوتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، رێبوار ئەوڕەحمان راشیگەیاند “من بەناوی هاوپەیمانی لە پێناوی خەڵک قسە دەکەم، مەرجی بەشداریکردنمان ئەو ١٧ خاڵەیە کە پێشکەشی سەدرییەکانمان کردووە، جێبەجێیان کرد دەچینە ژوورەوە و جێبەجێش نەکرا ئەوا لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button