نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە هەزار هاوڵاتی مەدەنی لە ئۆکرانیا کوژراون

لڤین:

نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاوی کردەوە، تا ئێستا ھەزار و ٨١ کەسی مەدەنی لە جەنگی رووسیا-ئۆکرانیا گیانیان لەدەستداوە، ھەزار و ٧٠٧ کەس برینداربوون و سێ ملیۆن و ٧٢٥ ھەزار پەنابەر روویان کردووەتە وڵاتانی دراوسێی ئۆکراینا.

کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەران سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان (UNHCR)، لە راگەیەندراوێکدا ئاماری قەیرانی پەنابەرانی ئۆکرانیای بڵاو كرده‌وه‌ کە لە سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە بەدەستی ھێناوە.

بەپێی ئامارەکان، لە ٢٤ی شوباتەوە بۆ ٢٤ ئادار سێ ملیۆن و ٧٢٥ ھەزار و ٨٠٦ پەنابەر لە ئۆکرانیاوە روویان کردووەتە وڵاتانی دراوسێی ئەو وڵاتە کە زیاتر لە نیوەی ئەو ژمارەیە پەنایان بۆ پۆڵەندا بردووە.

ئەوەش ئاشکراکراوە کە زۆرینەی ئۆکرانییەکان پەنایان بردووەتە بەر وڵاتانی دراوسێی وەکو پۆڵەندا بە (دوو ملیۆن و ٢٠٦ ھەزار و ١١٩) پەنابەر، رۆمانیا (٥٧٢ ھەزار و ٧٤٥) پەنابەر و مۆڵدۆڤا (٣٧٦ ھەزار و ٧٤٨) پەنابەر. ھاوکات لە ٢١-٢٣ی شوبات ١١٣ ھەزار کەس لە ناوچەکانی دۆنێتسک و لوھانسکه‌وه‌ چوونەتە ناو خاکی رووسیا.

ئەوەش دەزانرێت کە سەدان ھەزار لەو پەنابەرانەی لە ئۆکرانیاوە پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسێ بردووە، لەوێوە بەرەو وڵاتانی دیکەی ئەورووپا رۆیشتوون.

لەلایەکی دیکەوە لەو راگەیەندراوەی کە لە کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ سەربە نەتەوەیەکگرتووەکانەوە (OHCHR) بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان رووسیا-ئۆکرایناوە تا ئێستا لانیکەم ھەزار و ٨١ کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و ھەزار و ٧٠٧ کەسی دیکەش برینداربوون.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button