"سیخوڕی بۆ ئاسایش نەکردووە و پێشتر 12 ساڵ زیندانی کراوە"

ئاسایشی پارتی سیاسەتمەدارێکی باکوری رادەستی تورکیا کردەوە

لڤین: ئاسایشی پارتی سیاسەتمەدارێکی باکوری کوردستانی “رادەستی تورکیا” کردەوە و لە ئشتادا لە زینداندایە، بەوتەی کەسوکارەکەشی ئەو سیاسەتمەدارە 19 مانگ لای ئاسایش لە زینداندابووە و بەهۆی ئەوەی سیخوڕی بۆ نەکردوون ڕادەستکراوەتەوە.

ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان، سیاسەتمەدارێکی خەڵکی باکووری کوردستان، بەناوی عومەر بارتان، “رادەستی تورکیا” کردەوە کە بەهۆی فشارەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیا و دوای 12 ساڵ لە زیندانیکردنی لەو وڵاتە لە 3ی مانگی 7ی 2019 بە ناچاری ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام دوای مانگێک لە مانەوەی لەهەولێر لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی پارتیەوە دەستگیر کراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی خانەوادەکەی بە ماڵپەڕی ڕۆژنیوزیانداوە، لەو ڕۆژەوەی عومەر بارتان، دەستگیرکراوە هیچ زانیارییەکیان لەسەری نەبووە، تا ڕۆژی ٢٨ی مانگی ١ی ٢٠٢١، بەرپرسانی تورکیا، بە کەسوکاریان ڕاگەیاندووە کە “عومەر لە کاتی پەڕێنەوەی لە سنوور دەستگیر کراوە”.

بەپێی ئەو زانیارییانەی ماڵپەڕەکە لە زاری کەسوکاری ئەو سیاسەتمەدارەی تورکیاوە بڵاویان کردوەتەوە “ڕۆژی ٢٢ی ئەم مانگە عومەر لە زیندانی شاری شرناخی باکوری کوردستانەوە، تەلەفۆنی بۆ خانەوادەکەی کردووە و باسی بەسەرهاتەکەی بۆ خانەوادەکەی کردووە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو سیاسەتمەدارە باکوورییە لە هەولێر لەزینداندا ڕووبەڕووی هەڕەشە و فشار بووەتەوە، هەروەها فشاری خراوەتەسەر تا “سیخوڕی بکات”، بەڵام ناوبراو بە خانەوادەکەی وتووە؛ “بەهۆی ئەوەی قبوڵم نەکردووە سیخوڕیی بۆ ئاسایش بکەم، ڕۆژی ٢٨ی مانگی ١ی ٢٠٢١، بە دەستی کەلەبچە کراو و بە چاوی بەستراو براوەمەتە سەر سنووری باکووری کوردستان و لە سنووری ئیبراهیم خەلیل، بەدەست و چاوی بەستراو ڕەوانەی دەرەوەی سنور کرامەوە”

عومەر بارتان، هەرچەند بە فەرمی ڕادەستی تورکیا نەکراوەتەوە بەڵام بە کەسوکارەکەی وتووە، “دوای ئەوەی ئاسایشی پەدەکە ئەویان فڕێداوەتە سنووری باکوری کوردستان، لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیرکراوە و دوای لێپرسینەوە براوەتە دادگا و لەوێش بۆ زیندانی شرناخ”.

عومەر بارتان ئێستا لە زیندانی تورکیادایە لە شرناخ و سێ دۆسیەی دیکەی لەسەر کراوەتەوە، جگە لەوەی پێشتر ١٢ ساڵ زیندانی کراوە، ئەگەر ئەو سێ تۆمەتەی دیکەی پشتڕاست بکرێتەوە، ماوەیەکی درێژ زیندانی دەکرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button