بەشێک لە مامۆستایان هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كه‌ن

لڤین:

ئه‌نجومه‌نی مامۆستایانی ناڕازی هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات، “ئەگەر موچەی مانگی سێ لەسەرەتای مانگی چواردا دابه‌شنه‌كرێت، ناڕەزایی و هەڵوێستی توندی مەدەنیانە دەگرنە بەر”.

ده‌قی رونكردنه‌وه‌كه‌:
ڕونکردنەوەیەک لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیەوە

مامۆستایانی سەربەرز
جەماوەری بەشمەینەتی کوردستان

ئاشکرایە دەسەڵاتداران بەهۆی لێنەهاتوویی و شکستیان لەبەڕێوەبردن و حوکمڕانیدا ، ئەم هەرێمەیان توشی سەدان قەیران کردوەو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژیانی هاوڵاتیان سەختر و گرانتر دەکەن ، بێباک و بێمنەتانە مامەڵە لەگەڵ کێشەو گرفتەکاندا دەکەن . پەروەردەش قوربانیەکی گەورەی ئەم دەسەڵاتە شکستخواردوەیە و لەسایەی نەزانی دەسەڵاتداران دا توشی سەدان گرفت و قەیران بووە ، جەوهەری ئەو گرفتانەش دواکەوتن و نەدانی مووچەی مامۆستایان و دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانە .
بۆیەلەڕوانگەی هەست کردن بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و پەروەردەییمان ، ئەم چەندخاڵە دەخەینەڕوو :
۱/پێویستە سەرجەم چین وتوێژاکانی کۆمەڵگا هاوتەریب ، دژ بە ستەم و زۆرداری و کاولکاری دەسەڵات بوەستنەوە.

۲/دەسەڵات چیتر لەهەوڵی پەکخستن وبێ بەهاکردنی پەروەردەدا نەبێت وبەزووترین کات وەڵامی خواستە هەنوکەییەکانی مامۆستایان بداتەوە لە (پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان وفەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ ، دابەشکردنی موچەلەکاتی خۆیدا).

لێرەوە ڕایدەگەیەنین :

وەک هەمیشە داکۆکیکار و پشتیوانی هەموو هەڵوێستێکی خۆرسکانە و مەدەنیانەی سەرجەم مامۆستایان دەبین ، لایەنە پەیوەندیدارەکان و خەمخۆران ئاگاداردەکەینەوە کە لەئەگەری دابەشنەکردنی موچەی مانگی سێ لەسەرەتای مانگی چواردا ناڕەزایی و هەڵوێستی توندی مەدەنیانە دەگرینە بەر ، وە ڕێگاکانی فشارمان لەکۆبوونەوەیەکی فراوانی مامۆستایاندا ڕادەگەیەنین.

هاوکات دڵنیایی دەدەین هەر پەککەوتن و گرفتێک بۆ پرۆسەی خوێندن بێتەپێش تەنها دەسەڵاتدارانی بێباک و گەندەڵی هەرێم لێی بەرپرسن .

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی
٢٥ / ٣/ ٢٠٢٢

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button