لە بەغدا سێ تەقینەوە ڕوویاندا

لڤین: لە شاری بەغدا، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە سێ تەقینەوە ڕوویانداوە.
لە چوارچێوەی ئەو بە ئامانجگرتنەی دوکان و فرۆشگاکانی مەی فرۆشتن، کە ماوەی چەند مانگێکە لە لایەن گروپە چەکدارە نەناسراوەکانەوە گیراوەتە بەر، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە لە شاری بەغدا، سێ بۆمبی چێنراو لەبەردەم ئەو شوێنانە تەقیونەتەوە.
بەگوێرەی زانیاریی میدیا عێراقییەکان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو بۆمبی چێندراو لە نزیک کۆگایەکی فرۆشتنی خواردنەوە کحوولییەکان لە ناوچەی راغیبە خاتوون لە باکوری شاری بەغدای پایتەختی عێراق تەقیونەتەوە.
پاش ئەو دوو تەقینەوەیەش تەقینەوەیەکی دیکە لە بەردەم دوکانێکی فرۆشتنی مەیدا لە ناوچەی کەڕادەی بەغدا روویداوە.
ماوەی چەند مانگێکە بەشێک لە گروپە چەکدارەکان، دوکان و کۆگاکانی فرۆشتنی خواردنەوە کحوولییەکانیان لە بەغدا کردوەتە ئامانج.