بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری کێشەی لەگەڵ ستافی شانۆیی (دوا رۆژەكانی بابلۆ) دەباتە دادگا

بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیریی سلێمانیی له‌باره‌ی راگرتنی كاره‌كانی شانۆیی “دوا ڕۆژەكانی بابلۆ”، رایگه‌یاند، ئەو شانۆیە بە هیچ شێوەیەك نە لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتیی و نە لە لایەن وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوانەوە رانەگیراوە، به‌ڵكو بڕیاربوو ئەو شانۆییە تا 10ی ئازار نمایش بكرێت، سەرەڕای ئەوەش تا 20ی ئازار درێژکرایەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌ “بۆ ئەوەی ڕای گشتیی بەهەڵەدا نەبرێت، رونیبكه‌ینه‌وه‌، كه‌ شانۆیی (دوا ڕۆژەكانی بابلۆ) كارێكی هاوبەشی (سۆ ماركێتینگ) و بەشی هونەری شانۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیمانە، ئێمەش وەك ئەوان خۆمان بە خاوەنی ئەو شانۆییە دەزانین و بۆ هەموو لایەكی ڕووندەكەینەوە كە ئەو شانۆیە بە هیچ شێوەیەك نە لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتییمان و نە لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوانەوە ڕانەگیراوە”.

باسی لەوەکردووە، بڕیاربوو ئەو شانۆییە تا  10ی ئازاری ئه‌مساڵ نمایش بكرێت و رێككەوتنەكەشیان لەگەڵ ئه‌واندا بەو جۆرە بوه‌، بەڵام ستافێكیان سەردانی بەڕێوه‌بەری گشتییان كرد داوایان كرد بۆ 20ی ئازار كاتی نمایشەكەیان بۆ درێژ بكرێتەوە، لە كاتێكدا پێشتر ڕۆژەكانی 15ی ئازار و 18ی ئازار لەلایەن لایەنی تر و تیپی ترەوە هۆڵەکە گیرا بوو، بەڵام لەسەر داوای بەڕێوەبەری گشتیی شوێنی تر بۆ ئەو لایەنە تەرخان كرا و ڕەزامەندیی درا لەسەر درێژكردنەوەی ماوەكە بۆ 20ی ئازاری 2022.

له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ “دوای كۆتایی هاتنی ئەو ماوە درێژكراوەیە دیسانەوە پڕۆدیسەر ‌و دەرهێنەری شانۆیی (دوا رۆژەكانی بابلۆ) داوایان كرد كە سەرلەنوێ‌ بۆ یه‌كی نیسان ماوەی نمایشیان بۆ درێژ بكرێتەوە، ئەمە لە كاتێكدا پێشتر ئاگادار كرابونەوە كە هۆڵەكە لە 20ی ئازارەوە بۆ مەراسیمی ڕۆژی جیهانیی شانۆ لەلایەن بەشی هونەری شانۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتییمانەوە گیراوە، پێیان وترا ئەو چەند ڕۆژە مافی ئەوانە، ئەگەر ئێوە بتوانن لەگەڵ ئاسۆ نوری كە دەرهێنەری شانۆیی (مردن لە چوار وەرز)دایە و بەشێكە لە مەراسیمەكە، ڕێك بكەون، نمایشەكەی بباتە هۆڵێكی تر، ئێمە كێشەمان نییە‌ و كاتەكە درێژ دەكەینەوە”.

باسی لەوە رکدووە کە ئەو دوو ستافە پێکەوە ڕێک نەکەوتوون، چونكە بەڵگەی هونەرییان هەبووە‌ و بۆ ستافی شانۆی “دوا ڕۆژەكانی بابلۆ”یان ڕونكردوەتەوە كە ئەوان لە سەرەتاوە كاریان لەسەر جوگرافیای هۆڵی ڕۆشنبیریی كردووە و مافی خۆیانە لە 20/3ەوە هۆڵەكەیان بۆ چۆڵ بكرێت، چەند جارێكی تریش بەڕێوبەری گشتیی قسەی لەگەڵ دەرهێنەری شانۆی “مردن لە چوار وەرز”دا، كردووە تاكو ڕازیی بكات‌، بەڵام ئەو سووربووە لەسەر ئەوەی لە مافی خۆی سازش نەكات. لەو ڕوەشەوە یاسا و ڕێنمایی پشتگیری ئەویان كردووە‌، چونكە  پێشوەختە هۆڵەكەی گرتووە.

بەڕێوەبەرایەتیەکە دەشڵێت “بە داخەوە بەیاننامەكەی ستافی شانۆیی (دوا رۆژەكانی بابلۆ) بە نەفسێكی ناهونەرییانە نوسراوە‌ و هەستی بەرپرسیارێتی تێیدا زۆر لاوازە، بە تایبەت كە ئەوان تۆمەتی ناڕەوایان خستۆتە پاڵ وەزیری رۆشنبیری‌ و لاوان، لە كاتێكدا وەزیری ڕۆشنبیریی و لاوان تەنها فەرمانیان كردووە بە پێی یاسا و ڕێنمایی مامەڵە بكرێت و ماف بە كام لایە پێی بدرێت”.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، “لە شوێنێكی دیكه‌دا ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەوان پارە بەحكومەت دەدەن، بەڵام ڕاستییەکەی كارەكە هاوبەش بوە و بەڕێوبەرایەتیمان هۆڵەكەی بێ‌ بەرامبەر پێ بەخشیون، تەنها پارەی خزمەتگوزارییان داوە و گازیان بۆ مولیدە دابین كردووە، ئێمە لە هەموو ئەوەی نوسیومانە بەرپرسیارین و بە مافی خۆشمانی دەزانین پەنا بەرینە بەر دادگا كێشەكە یەكلایی بكاتەوە، چونكە پێویستە رێگە بە هیچ كەس ‌و لایەنێك نەدرێت لە پێناوی ریكلامكردن بۆ خۆیان ‌و پارەپەیداكردندا تەشهیر بە ناو و ناوبانگی كەسان و لایەنانی دیكه‌ بكەن”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button