زێلێنسکی: داوا لە ژاپۆن دەکات سزاکانی سەر ڕووسیا زیاتر بکات

لڤین:

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی داوای لە ژاپۆن کرد سزاکانی سەر ڕووسیا زیاتر بکات، ئەوەش لەڕێی گەمارۆی بازرگانیەوە بۆ سەر شتومەکی ڕووسی.

زێلێنسکی لەڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە وتارێکی پێشکەشی پەرلەمانی ژاپۆن کرد و سوپاسی ژاپۆنی کرد لەسەر سەرکۆنەکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و سەپاندنی سزا بەسەر ئەو وڵاتەدا.

زێلێنسکی وتی ” وڵاتە بەرپرسەکان یەکدەگرن بۆ پاراستنی ئاشتی. من سوپاسگوزاری وڵاتەکەتانم بۆ ئەو هەڵوێستەتان لەم ساتە مێژووییەدا، سوپاسگوزارم لەسەر یارمەتییە ڕاستەقینەییەکەتان بۆ ئۆکرانیا.”

وتی ” ئێوە یەکەم وڵات بوون لە ئاسیا کە بەڕاستی دەستتانکرد بە فشار خستنەسەر ڕووسیا بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی، یەکەم بوون لە سزادانی ڕووسیادا، منیش داواتان لێدەکەم بەردەوام بن لەسەر ئەوە.”

بەبێ دەرخستنی هیچ بەڵگەیەک، زێلێنسکی وتی هێزەکانی ڕووسیا ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ لە ناوچەکانی دەوروبەری وێستگەی ناوەکی چێرنۆبیڵەوە، ئەمەش دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو لە قۆناغەکانی سەرەتای جەنگی ئۆکرانیادا هێزەکانی ڕووسیا وێستگەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد.

بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا لەسەر ئەو هێرشەی کە گوایە ڕووسیا ئامادەکاری بۆ دەکات.

وتی ” جیهان لەسەر لێواری کۆمەڵێک قەیرانی نوێیە. کێشەکانی ژینگە و خۆراک بێپێشینەن.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button