قسەکانی سەنای مام يوسف پەرلەمانی کوردستانی هێنایە دەنگ

ليژنەی کاروباری شەهيدان لە پەرلەمانی کوردستان راگەيەندراوێکی لەسەر قسەکانی سەنای مام يوسف کەسايەتی ناو سۆشيال ميديا بڵاوکردەوە کە لە بارەی هەڵەبجەوە کردبووی.

دەقی راگەيەندراوەکە:

ئێمە وەک لیژنەی شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی، بەتوندی ئیدانەی هەر وتە و کردەوەیەک دەکەین کەقوربانیدان و ئازارەکانی کەس و کاری شەهیدان لەبەرچاو نەگرێت و ببێتە هۆی لەکەدارکردنی شکۆیان، هاوکات هەر ستایشکردنێکی ئەو تاوانبارانەی کە تاوانەکانی جینۆسایدی ئەنفال و کیمیابارانی گەلی کوردستانیان ئەنجامداوە بەهەموو شێوەیەک ڕەتدەکەینەوە. پێویستە ڕێکاری یاسایی بگیرێتەبەر و سزای هەر کەسێک بدرێت کە بەم شێوەیە سنوری پیرۆزییەکان دەبەزێنن، چونکە لای خەڵکی کوردستان خوێنی شەهیدان و کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفالکراوان ناسنامەی گەلەکەمانن و هێڵی سورن، هاوکات سوپاسی دەسەڵاتی دادوەری و هێزی پۆلیس دەکەین کە جوامێرانە دەسبەکاربوون و تۆمەتباریان دەسگیرکرد، داواش لە دادگای بەڕێز دەکەین دوایی ئیدانەکردنی تۆمەتبار ئەگەر تاوانەکەی بەسەردا یەکلایی بووەوە، بە سزای دادپەوەرانەی خۆی بگەیەنێت.

لێژنەی کاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button