شەریف عەلی باپیر هێرش دەکاتە سەر محەمەدی حاجی مەحمود

لڤین:

شەریف عەلی باپیر دەڵێت ، سەبارەت بە مووشەکبارانکردنی ئەحمەدئاوا لە 2003.3.20، کاکە حەمە کۆمەڵێك بوختانی ڕیزکردووە سەبارەت بە کۆمەڵ و جەنابی مامۆستا عەلی باپیر و دەڵێت مام جەلال 250 هەزار دۆلاری بۆ نارد و مامۆستا هەمووی خوارد!” ئەوە بوختانێکی شاخدارە.

شەریف عەلی باپیر کوڕی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە نووسینێکدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک لە ژێر ناوی وەڵامێك بۆ بوختانەکانی کاكە حەمەی حاجی مەحموود نوسیویەتی ، سەبارەت بە مووشەکبارانکردنی ئەحمەدئاوا لە 2003.3.20، کاکە حەمە کۆمەڵێك بوختانی ڕیزکردووە سەبارەت بە کۆمەڵ و جەنابی مامۆستا عەلی باپیر. من لەسەر ئەم باسانە پێشتر قسەم لەگەڵ جەنابی بابم و بەشێك لەو برایانە کردووە کە ئەو کات لەناو مەوزووعەکاندا بوون، خۆشم منداڵی ئەوێم و ئەو کات تەمەنم ٦ ساڵ بوو، تەواوی قسەکانی کاکە حەمە درۆن و لە مێشکی خۆیدا هەڵیبەستوون یانیش ئەوەیە خەڵەفاوە.

کاکە حەمە دەڵێ: “مامۆستا لە گوڵەخانە داڵدە درابوو، مام جەلال 250 هەزار دۆلاری بۆ نارد و مامۆستا هەمووی خوارد!” ئەوە بوختانێکی شاخدارە، عەیبە بۆ پیاوێکی بە تەمەن درۆ بکات، جەنابی مامۆستا یەك دیناری لە کەس وەرنەگرت، ئەو کاتیش ورەی لە چیا بەرزتربوو، ئەسڵەن تەنها کە بە گوڵەخانەدا تێپەڕی نانێکی سەرپێیان خوارد و ڕۆیشتن، مامۆستا پێویستی بە داڵدەدران و پارە و سەیارەی کەس نەبوو.

مامۆستا عەلی باپیر درەنگانی شەوی مووشەکبارانەکە برووسکەی مام جەلالی پێگەیشت کە ڕەنگە ئەمریکا لە (ئەنسار) بدات نەك کۆمەڵ، ئەو کات کۆمەڵ و ئەنسار سنووریان جیاوازبوو بەڵام بەو نیوەشەوە کۆمەڵ هەربەوە ڕاگەیشت ئەو مەقەڕانەی چۆڵ بکات کە دەکەوتنە نزیك (ئەنساڕ) وەك ئیحتیاتکردن. بەڵام زۆرێك لە مووشەکەکانی ئەمریکا ڕاستەوخۆ بەناو جەرگەی کۆمەڵ و مەقەڕەکانی کۆمەڵ و ماڵی ئێمە کەوتن. مامۆستا عەلی باپیر ئەحمەدئاوای چۆڵ نەکرد تا تەواوی خەڵکەکە ڕۆیشتن، ئێستاش بیرمە ئێمە کۆتا سەیارەبووین ڕۆیشتین.

مامۆستا، 22 مانگ بەبێ تاوان لە زیندانی ئەمریکییەکان بوو ئامادەنەبوو یەك ئیمزا بکات کە قەناعەتی پێ نەبێ، دواتر ئەمریکا بە ڕەسمی داوای لێبوردنی لێکرد و بێتاوانیی سەلماند و خەڵکی کوردستانیش بەوپەڕی جۆشەوە وەك سەرکردەیەکی کورد بەخێرهاتنیان کرد. هەر ئەمە بەڵگەیە بۆ پاکیی و سەرڕاستیی جەنابی مامۆستا و بەدرۆخستنەوەی کاكە حەمە و هەموو دەهۆڵکوتەکانی دەسەڵات.

شایەنی باسە محەمەدی حاجی مەحمود محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی ئێستایی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لەناو کتێبی ڕۆژژمێری پێشمەرگەیەک کە چەند رۆژێک پێش ئێستا واژۆی بڵاوکردنەوەی کرد، رووداوەکانی پێش و پاش موشەکبارانی هەورامان لەشەوی ٢٠لەسەر ٢١ی مانگی ئاداری ٢٠٠٣ لەلایەن ئەمریکییەکانەوە دەگێڕێتەوە.

محەمەد حاجی مەحمود، دەڵێت، ڕۆژی ٢٠٠٣/٣/٢٠ مام جەلال نامەیەکی نهێنی بە مستەفای سەیدقادر دا بۆ ناردم، کە باسی ڕێکەوتنی یەکێتی و ئەمریکییەکانی دەکرد، بۆ لێدانی ئەنسارلئیسلام، منیش لەژێر ڕۆشنایی نامەکەی مام جەلال و قسەکانی مستەفای سەید قادر نامەیەکی تەفسیلم بۆ م-عەلی باپیر نارد بە کاک نەوزادی حاجی عەلیدا، کە لە ماڵەکەی خۆی لە ئەحمەدئاوا بەدەستی گەشتبوو، بۆ ئەوەی زەرەر نەکەن و دوورکەونەوە لە ئەنسار، چونکە ئەمریکا لێیان دەدات، کەچی م-عەلی لەپاش نامەکەی من بەپەلە کۆبونەوەیەکی سەربازی کردبوو هەموو هێزەکانی خۆیانی لەوناچەکانی دیکەوە هێنا بۆ خورماڵ….وە بڕوای وابوو ئەوە پلانی یەکێتییە بۆ ئەوەی دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرێت، نەک هاتنی ئەمریکاو لێدانی ئەنسارو کۆمەڵ.

ئەوەشی وتووە، “مام جەلال دەیتوانی ڕاستەوخۆ نامەکە بۆ عەلی باپیر بنوسێت، بەڵام لەترسی بڵاوبوونەوەی نامەکە و کەوتنەدەستی ئەمریکییەکان دواتر بڵێن تۆلەلایەک دژی ئیسلامییەکانی و لەلایەکیش هۆشدارییان پێدەدەیت..هەروەها بۆیە نامەکەی بۆمنیش نارد تامن شاهیدی ئەم بابەتەبم لەم ڕووداوەدا” لە لاپەڕە 335ی کتێبەکەدا ئەوە باسکراوە.

محەمەد حاجی مەحمود ئەوەشدەگێڕێتەوە، “ئەوەبوو عەلی باپیر ڕاستی ناو ئاگاداری نامەکەی پشتگوێ خست و شەوی ٢١لەسەر٢٢مانگی ئاداری ساڵی٢٠٠٣ بەسارۆخ لێیان دراو نزیکەی ٧٠ کەسیان بووە قوربانی لەکاتیکدا دەیانتوانی خۆیان لەو رووداوە دووربگرن و ئەو کەسانەش نەکوژرێن”.

دەشنوسێت، ” ڕۆژی ٣/٢٤ ئێرانییەکان و سۆسیالیست عەلی باپیر-یان هێنا بۆ گوڵەخانە و ژورێکمان پێداو بە عەبدوڵای برامم وت، نەهێڵی کەس بیبینێ تەنانەت کەسی نزیکی خۆشی ئەگەر خۆی ڕازی نەبێت، لە ترسی ئەوەی نەوەک زەفەری پێ ببەن و بیکوژن، تا ئەوکاتە خۆم چومە سلێمانی و دوکان بۆلای مام جەلال بۆ چارەسەری کێشەکە و دوورخستنەوەی کۆمەڵ لەشەڕەکەو ئەنسار…مام جلالیش باش بوو قەناعەتی کرد..ڕۆژی ٣/٢٦ مام تەلەفۆنی کرد وتی میوانەکانتان کێن؟”.

محەمەد حاجی مەحمود دەڵێت، “وتم ئەڵێی کەشتی نوحە هەموو جۆرێکی لێیە ئەمریکییەکان ئێرانییەکان، کۆمەڵ، یەکێتی، نزک بە٥٠ ڕۆژنامەنوس ئەجنەبی، کۆبونەوە کرا وەزعەکە زۆرناخۆش بوو، عەلی باپیر وتی یەک دینارمان نییە، منیش لەسەرداوای خۆی بەمام جەلالم وت کەشتێکی واهەیە، مام جەلال ٢٥٠ هەزار دۆلاری نارد، بەئامادەبوونی مەلا ناسیح بامۆکی و محەمەد حەکیم و حامیدی حاجی خالید و مامۆستا عەزیزی دەزگای زانیاری و مستەفای سەیدقادر٢٥٠ هەزار دۆلارەکەمان تەسلیم بە عەلی باپیر کرد”.

پاش وەرگرتنی پارەکە ناردیان بەدوای ناڕازییەکانی کۆمەڵدا کە بڕوایان وابوو نابێت پشتی براکانی خۆیان بەردەن بۆ یەکێتی مەبەستیان ئەنساربوو، کاک دڵشاد کەلاری و چەند کەسی دیکە هاتن بۆ گوڵەخانە و چوونە ئەو ژوورەی بۆ عەلی باپیر ئامادەکرابوو، پاشان مەلا ناسیح بامۆکی بە عەلی باپیری وت، “مامۆستا ئێمە قەرارمان وانەبوو ئەم کارەبکەین و برا دینییەکانی خۆمان(ئەنسار)بەپارە بفرۆشین، وەکارێکی خراپت کرد”.

وادیاربوو بەشێکی کۆمەڵ ڕازی نەبوون ناوچەکە چۆڵ بکەن و کێشەیان لەوبارەوە هەبوو، بۆیە مام جەلال تەلەفۆنی بۆمن کرد کە با عەلی باپیر پارەکەمان بداتەوەو شەڕەکە بکەین و ئیدی ناکرێت چاوەڕێ بکەین، بۆ ئەو مەبەستە حامدی حاجی خالید هات بۆ گوڵەخانە بۆ ئەوەی بەعەلی باپیر، بڵێت پارەکەمان بەرەوە…بەڵام کاک حامید شەرمی دەکرد داوای پارەکەبکات تا ئەوەی زووزوو داوای ئاوی دەکرد وئارەقی دەسڕی”.

“یەکێک لە ئەندامانی کۆبوونەوەکە وتی، مامۆستا عەلی کاک حامید بۆ پارەکە هاتوو بیدەنەوە بە یەکێتی و هەرکەس لەماڵی خۆی… عەلی باپیرش وتی: وەڵا برا پارە نەماوە و هەر ئەو رۆژە بە کاک دڵشاد و جەماعەتدا پارەکەم ناردووە بۆ وشکەناو.. دواتر ئەوەبوو کۆمەڵ هاتنە ژێرباروو ناوچەکەیان چۆڵ کرد، پێش چۆڵکردنەکەش عەلی باپیر بەمنی وت، راستی ئەو پارەیە هەربەشی ئەو چەند ڕۆژەی کردووە و پارەمان پێ نییە سەیارە و گەڵابە بگرین بۆ گواستنەوەی کەل و پەلەکان، بۆیە من داوام لە مام جەلال کرد، ١٠ گەڵابەی نارد خۆشیان بە تراکتۆر و سەیارەی خۆشیان ناوچەکەیان چۆڵکرد، کۆمەڵ لەسەرەتادا داوای ناوچەی قەرەداخ-یان کرد کە بۆی بڕۆن، بەڵام یەکێتی ڕازی نەبوو، تادواتر ئەوەبوو برانە ناوچەی دارەشمانە”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button