سەردانەکەی ئەسەد بۆ ئیماران کاردانەوەی ئەمریکای لێکەوتەوە

لڤین:

بەگوێرەی هەواڵێکی دەنگی ئەمریکا سەردانەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد بۆ میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرب (ئیمارات) ئەمەریکای نیگەران کردووە و داوا لە هاوپەیمانەکانی دەکات خۆیان دووربگرن لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕژێمێکدا کە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی ” دڕندایەتی ترسناک.”

گشتە چاوەڕوان نەکراوەکەی ڕۆژی هەینی ئەسەد یەکەم گەشتی فەرمی بوو بۆ وڵاتێکی عەرەبی لەو کاتەوەی شەڕی ناوخۆ لە ساڵی 2011 وە لە وڵاتەکەیدا دەستیپێکردووە، بەهۆی ئەو شەڕانە نزیکەی نیو ملیۆن کەس کوژراون.

ئەمەش نوێترین ئاماژەیە بە گەرمبوونی پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و ئیماراتی دەوڵەمەند بە وزە، کە هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمەریکایە و لە ساڵی 2020یشدا پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پرایس ڕۆژی شەممە لە بەیاننامەیەکیدا دەڵێت ” ئێمە بە قوڵی نائومێد و نیگەرانین لەو هەوڵە ئاشکرایە بۆ ڕەوایدان بە بەشار ئەسەد.”

ئەو گوتیشی ئەسەد بەرپرسیارە بەرامبەر مردن و مەینەتییەکانی خەڵکێکی ئێجگار زۆری سوریا، ئاوارەبوونی زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکە و گرتن و بیسەروشوێنکردنی هەڕەمەکی زیاتر لە 150 هەزار پیاو، ژن و منداڵی سوریایی.

پرایس لە بەیاننامەکەیدا دەشڵێت هەروەکو وەزیری دەرەوە ” ئەنتۆنی بلینکن دووپاتی کردووەتەوە، ئێمە پشتیوانی هەوڵەکان بۆ بۆژانەوەی ئەسەند ناکەین، و پشتویانی لە لایەنەکانی تریش ناکەین پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە.”

گوتیشی ” ئێمە لەمبارەیەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانماندا ڕوونبووین و داوا لەو وڵاتانە دەکەین کە بیر لە پەیوەندی لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد دەکەنەوە، دڕندایەتییەکەی ڕژێمی ئەسەد بەباشی هەڵبسەنگێنن.”

ڕۆی هەینی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد لەگەڵ فەرمانڕەوای دوبەی شێخ محەمەد بن ڕەشید ئال مەکتوم لە دوبەی کۆبۆتەوە، ئەمەش یەکەمین سەردانی ئەسەدە بۆ وڵاتێکی عەرەبی لە دوای دەستپێکردنی شەڕی سوریاوە لە ساڵی 2011 دا

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button